رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە شاندێکی گرووپی دۆستایەتیی کەنەدی و کوردیی پەرلەمانی کەنەدا کرد و تێیدا شاندەکە خواستی وڵاتەکەیان بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئابووری و تەکنەلۆژیا دا خستە روو.
بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی کە رۆژی دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026 بڵاویکردووەتەوە، شاندەکە کە پێکهاتووە لە زیاد عەبدوللەتیف، ئەندامی پەرلەمانی کەنەدا و ئەحمەد حوسێن، ئەندامی پەرلەمانی کەنەدا و وەزیری پێشووی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی حکومەتی ئەو وڵاتە.
بارەگای بارزانی نووسیویەتی، شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دیداریان لەگەڵ سەرۆک بارزانی، جەختیان لە رەوایەتیی دۆزی گەلی کوردستان کردەوە و پێزانینیان بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دا هەبووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە شاندەکە کورتەیەکیان لەبارەی کار و چالاکییەکانی گرووپی دۆستایەتیی کەنەدی و کوردی لە پەرلەمانی کەنەدا و هاوئاهەنگییان لەگەڵ فیدراسیۆنی رەوەندی کوردی و رۆڵی ئەو فیدراسیۆنە لە پشتگیریی دۆزی گەلی کوردستان خستووەتەڕوو.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرۆک بارزانی سوپاسی پشتگیری و هاوکارییەکانی گەل و حکومەتی کەنەدای کرد کە لە قۆناخە جۆراوجۆرەکان و بەتایبەتی لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دا پاڵپشتیی گەلی کوردستان و پێشمەرگە بوون" کردووە.
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە: "سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆیشی بۆ قووڵتركردنی دۆستایەتی و پەیوەندی نێوان گەلی كوردستان و گەلی كەنەدا دووپات كردەوە و لەوبارەیەوە بەرچاوڕوونی پێویستی" خستووەتەڕوو.


