رووداو دیجیتاڵ ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی دەڵێ، دەسەڵاتی سیاسی لە سلێمانی دەستوەردان لە دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکەی "لالەزار" دەکات. تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگیی پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، دۆسییەکانیان لە دادگەی سلێمانی وەستاون و دەستوەردانی حیزبی رێگرە لەوەی رێڕەوی یاسایی خۆیان وەربگرن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لاهوور شێخ جەنگی و تەواوی دەستگیرکراوان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر لە نزیکترین کاتدا دۆسیەکان رێڕەوی یاسایی خۆیان نەگرن، ئەوا مان دەگرن. دانا تەقیەدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکەی لالەزار، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی بەوەدا کە دادگەکانی سلێمانی پابەندی بڕیارەکانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان نابن و گوتی: "چەندین نووسراوی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانمان هێناوە بۆ دادگەکانی سلێمانی، بەڵام پابەند نەبوون." بە گوتەی ئەو پارێزەرە، بەپێی یاسا، کاتێک نووسراوێک لە دادگەی پێداچوونەوەوە دەگات، دەبێت کار لەسەر دۆسیەکە رابگیرێ و رەوانە بکرێ، چونکە بڕیارەکانی دادگای پێداچوونەوە کە لە سەرووی هەموو دادگاکانی هەرێمی کوردستانە، پێویستە جێبەجێ بکرێن. دانا تەقیەدین دەڵێ: "پابەندنەبوونی دادگای سلێمانی بە بڕیارەکانی دادگەی سەرووی خۆیانەوە، بە هۆکاری سیاسی دەزانین." دانا تەقیەدین باسی لەوەش کرد کە هەڕەشەی دەستگیرکردنیان لێکراوە و چوار پارێزەری تیمەکەیان پەیوەندیی هەڕەشەئامێزیان پێوەکراوە، بەڵام دواتر ئاسایش پێی گوتوون کە ئەو پەیوەندییانە پەیوەندیی بەوانەوە نییە. سەبارەت بە دۆخی لاهوور شێخ جەنگی، دانا تەقیەدین گوتی، دوای سەردانی نوێنەری بەریتانیا بۆ لای، رێگەیان پێدراوە سەردانی بکەن و ئەمجارە رێوشوێنەکان جیاواز بوون و گوتی: "پێشتر کە سەردانی کاک لاهوورمان دەکرد، چەند ئەفسەرێک دەهاتنە ژوورەوە و لەگەڵمان دادەنیشتن، بەڵام ئەمجارە دوای سەردانەکەی نوێنەری بەریتانیا، نەچوونەتە ژوورەوە، هەرچەندە ژوورەکە کامێرای چاودێری تێدایە." لەبارەی ژوورەکەی لاهوور شێخ جەنگییەوە باسی لەوەکرد، ژوورێکی بچووکی هەیە و کامێرای دەنگ و دیمەنی تێدایە؛ لەبارەی رووبەری ژوورەکەیشەوە دەڵێ، نزیکەی دوو مەتر بە دوو مەتر دەبێت.
کوردستان22-06-2026خزمێکی دێنیز ئۆنداڤ: دێنیز بە هۆی کوردبوونییەوە بانگی هەڵبژاردەی نیشتمانی توکیا نەکرا
کوردستان22-06-2026سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی گرووپی دۆستایەتیی کەنەدی و کوردیی پەرلەمانی کەنەدا دەکات
کوردستان22-06-2026ئەو قوتابییەی لە هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر لوڕستان بریندار ببوو، گیانی لەدەست دا