رووداو دیجیتاڵ نزیکەی ساڵێک و دوو مانگە، مزگەوتی دارۆغا لەنێو بازاڕی شاری سلێمانی بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە رووخێندراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دروست نەکراوەتەوە. ئەمەش دانیشتووانی گەڕەکەکەی نیگەران کردووە و دەڵێن، شوێنی نوێژکردنیان نەماوە، لە کاتێکدا ئەوقاف و شارەوانی، هۆکاری دواکەوتنەکە دەخەنە ئەستۆی رۆتینی ئیداری و کێشەی موڵکایەتی. مەحموود حەسەن، کە دانیشتووی گەڕەکی دارۆغایە و دووکانێکی لە بەرامبەر مزگەوتەکە هەیە، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد، گوتی: "ساڵێک و دوو مانگە تێکدراوە بەناوی نۆژەنکردنەوە، بووە بە کارەساتێکی گەورە بۆ خەڵکەکە، خەڵکیان پەرتەوازە کردووە." بە گوتەی مەحموود حەسەن، پێشتر لە نوێژی هەینیدا هەزار و 200 کەس و رۆژانەش نزیکەی 600 کەس نوێژیان لە مزگەوتەکە دا دەکرد، بەڵام ئێستا ناچارن روو لە مزگەوتەکانی دیکە بکەن کە 10 بۆ 15 خولەک دوورن، ئەمەش بۆ کەسانی بەساڵاچوو زەحمەتە و زۆربەیان لە ماڵەوە نوێژەکانیان دەکەن. دروستکردنەوەی مزگەوتەکە لەلایەن دوو خێرخوازەوە لە ئەستۆ گیراوە، بەڵام رێکارە ئیدارییەکان پڕۆژەکەیان راگرتووە. حاجی دیار، یەکێک لە خێرخوازەکانە، بە رووداوی گوت، "بابەتی نەبوونی پارە ئەسڵ و ئەساسی نییە" و ئەوان ئامادەن دەست بە کار بکەن، بەڵام رێکارە ئیدارییەکان تەواو نەبوون. هاوژین رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی، لە (بەرپرسیار) گوتی: "ئێمە بەهەموو شێوەیەک کارئاسانی بۆ ئەو خێرخوازانە دەکەین کە دەیانەوێت مزگەوت نۆژەن بکەنەوە." گوتیشی، مۆڵەتیان لە وەزارەتی ئەوقاف وەرگرتووە و نەخشەی مزگەوتەکەش لە سەندیکای ئەندازیاران پەسندکراوە، بەڵام چاوەڕێی رەزامەندیی شارەوانین." بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەکە پێویستی بە رەزامەندیی شەش فەرمانگەی دیکە هەیە (کارەبا، تاپۆ، ژینگە، نەخشەسازی، شوێنەوار و شارەوانی) و گەڕانەوەی وەڵامی هەر یەکێکیان لەوانەیە شەش مانگ بخایەنێت. هاوژین رەئووف دەڵێت: "ئەگەر ئەمڕۆ شارەوانیی سلێمانی مۆڵەتمان پێبدەن، راستەوخۆ دەست بە دروستکردنەوەی مزگەوتەکە دەکەین." ئەندازیار ئالان کەمال، لێپرسراوی بەشی هونەری لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، لە (بەرپرسیار) کێشەکەی بۆ لایەنێکی دیکە گەڕاندەوە و گوتی: "ئەو مزگەوتە کێشەی موڵکایەتی هەیە، هیچ کێشەیەکی هونەری نییە." ئەندازیار ئالان کەمال روونیکردەوە، مزگەوتەکە لەسەر چوار پارچە موڵک دروستدەکرێت و "سەرەتا دەبێت ئەو رێککارانە تەواو بکرێن و ئەو چوار موڵکە بکرێنە یەک تۆمار." یەکێکی دیکە لە کێشەکان، پرسی دروستکردنەوەی دووکانەکانی نێو مزگەوتەکەیە. بەپێی بڕیارێکی شارەوانی، هەر مزگەوتێک بڕووخێندرێت و دروستبکرێتەوە، دووکانی تێدا دروستناکرێتەوە. هەرچەندە ئەو 16 دووکاندارەی پێشتر لەوێ بوون لەلایەن خێرخوازەکانەوە قەرەبووکراونەتەوە، بەڵام مەحموود حەسەن پێیوایە ئەگەر دووکان دروستنەکرێتەوە، "پێش مزگەوتەکە هەمووی دەبێتە عەرەبانە، ماتۆڕ و پیکاب و پشێوی دروستدەکەن."
کوردستان24-06-2026لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد کۆتاییهات و ئەنجامەکەی رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرا