رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشنیازی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسند کرد و کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەتی بە 500 هەزار دینار جێگیر کرد. هاوکات بڕیار درا شاندێکی باڵا بۆ پرسی یەکخستنی رێکارە گومرگییەکان بچێتە بەغدا.
رۆژی چوارشەممە، 24ی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە.
مووچەی خانەنشینی کرێکاران کرا بە 500 هەزار
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی پرسی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران کرد. دوای خستنەڕووی راپۆرتێک لەلایەن وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری دا: "کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی 500 هەزار دینار بێت."
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتدایە بۆ یەکسان کردنی مافەکانی خانەنشینی لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت، بە مەبەستی هاندانی گەنجان بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەت. بە گوێرەی ئامارەکان، ئێستا ژمارەی ئەو کرێکارانەی دەستەبەر کراون گەیشتووەتە نزیکەی 320 هەزار کرێکار و 64 هەزار پڕۆژەش لە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار کراون.
هاوئاهەنگیی گومرگی لەگەڵ بەغدا
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، پرسی یەکخستنی سیستەمی گومرگی و جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا) تاووتوێ کرا. ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ ئەو لێکتێگەیشتنانە دەربڕی کە لە 18ی ئەم مانگە لە بەغدا واژۆ کراون.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی ئەم هەنگاوە "بەئەلکترۆنیکردنی ڕێکارەکان، شەفافیەت لە داهات و کەمکردنەوەی ڕووتینە" لە دەروازە سنوورییەکان.
شاندێکی باڵا دەچێتە بەغدا
بۆ تەواوکردنی رێکارەکان و پەسەندکردنی کۆتایی رێککەوتنە گومرگییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووریی عێراق.
ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد لە نزیکترین دەرفەتدا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری ساز بکات، بە مەبەستی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان کە رۆڵیان دەبێت لە رێکخستنەوەی پەیوەندییە دەستووری و یاساییەکانی نێوان هەردوولا.

