رووداو دیجیتاڵ هەڵکەوت لالە ئەنوەر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، برازایەکی لەلایەن هێزەکانی کۆماندۆوە لە سلێمانی دەستگیرکراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بۆ رووداوێکی 12 رۆژ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. رۆژی چوارشەممە، 24ـی حوزیرانی 2026، هەڵکەوت لالە ئەنوەر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە نزیکەی 23 ماڵی خزمی یەکین و هەموومان پێکەوە لە ناوچەیەکی سلێمانی نیشتەجێین. نزیکەی 12 رۆژ پێش ئێستا ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی کە چەندین کەلوپەل و کۆمپیوتەری تێدابوو و ناسنامەی دیار نەبوو، هاتبووە شوێنەکەمان. گەنجەکانی ئەو ناوچەیە ئۆتۆمبێلەکەیان وەستاندبوو، ئەنوەر هەڵمەتی برازام بۆ ئەوەی بوەستن تەقەی لێکردبوون." لەبارەی ناسنامەی سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە، هەڵکەوت لالە ئەنوەر گوتی: "دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەمان گرت. پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لەلایەن بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆماندۆی سلێمانییەوە بەناوی (سەرخێل) بۆ هات و پێیگوتم ئەو کەسانە هی خۆمانن و لەو ناوچەیە بۆ چەند تیرۆریستێک دەگەڕێن. داوای لێبووردنی کرد و ئێمەش دوای گەیشتنی چەند ئۆتۆمبێلێکی هێزەکەی کۆماندۆ ئازادمان کردن، چونکە زانیمان سەر بەو هێزەن." سەبارەت بە دەستگیرکردنی برازاکەی، ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پارتی گوتی: "دوێنێ لەسەر رێگەی عەربەت، کاتێک ئەنوەر هەڵمەتی برازام لە دەوام گەڕاوەتەوە، رێگەیان پێگرتووە و دەستگیریان کردووە. بیانووەکەیان ئەوەیە کە شکۆی کۆماندۆیان شکاندووە و تەقەیان لێکردوون." هەڵکەوت لالە ئەنوەر باسی لە هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی برازاکەی کرد و گوتی: "لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی ئازادی بکەین، بەڵام چونکە کاتی دەوام نەماوە، بەڵێنیان داوە رۆژی یەکشەممە ئازادی بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ گەرەنتییەک نییە."
کوردستان24-06-2026سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: وردبینیی لیستی مووچەی مانگی 6 و رێکارەکانی تەمویلکردنی مووچە تەواو بوون