رووداو دیجیتاڵ
د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ و رێبەری سەلەفییەکان، ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە باس لە دوورخستنەوەی لە زانکۆ دەکەن و دەڵێت، سەرلەبەری ئەو قسانە درۆن و "تەنیا بۆ زیادکردنی ئەکتیڤە." هاوکات جەخت دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە بانگەوازیکردن.
رۆژی چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی 2026، د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، پەیامێکی لەژێر ناونیشانی "پەیامی متمانە بەخوابوون و خۆڕاگری" بڵاوکردەوە و تێیدا سەرجەم ئەو هەواڵانەی رەت کردەوە کە گوایە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە. ئەو لە پەیامەکەی دا دەڵێت: "دەنگۆکانی دوورخستنەوەم سەرلەبەری درۆن و تەنیا بازرگانییە بە ترێندەکانەوە و زیادکردنی ئەکتیڤە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی دا، ئەو مامۆستایەی زانکۆ سوپاسی ئەوانە دەکات کە باوەڕیان بە دەنگۆکان نەکردووە و نوسیویەتی: "سوپاسی هەموو ئەو موسڵمانانە دەکەم کە خۆڕاگر بوون و نەکەوتنە دوای فیتنەگێڕان، زیاتریش ئەوانەی دۆعای خێر و قسەی خێریان کرد." د. عەبدوللەتیف دڵنیایی دەدات کە بەردەوام دەبێت لەسەر بانگەوازیکردن و جەخت دەکاتەوە: "پێگەی من لەلای خوایە نەک لای ناحەزانم، یەقینیشم هەیە کە خوای گەورە حەقمان دەسەنێتەوە."
بڵاوبوونەوەی ئەو پەیامەی د. عەبدوللەتیف لە کاتێک دایە، هەر ئەمڕۆ زانکۆی سلێمانی کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکانی لەسەر دۆسیەکەی راگەیاند. د. یۆهان عوسمان، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لێکۆڵینەوەی لیژنەکە لەسەر دۆسیەی د. عەبدوللەتیف تەواو بووە و ئەنجامەکەی بە مەبەستی بڕیاردان رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە، بەڵام ناوەڕۆکی ئەنجامەکەی بە "نهێنی" وەسف کرد.
پێکهێنانی ئەم لیژنەی لێکۆڵینەوەیە لەلایەن زانکۆی سلێمانییەوە دوای ئەوە هات، کە زنجیرەیەک تۆماری دەنگی و تێکست لەنێوان کچێک و پیاوێک دا بڵاوکرانەوە و وا ناسێندران کە دەنگ و نووسینی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد بن. دوای بڵاوبوونەوەی دەنگەکانیش، باس لە بوونی چەند کچێکی دیکە لە دۆسیەکەدا کرا.
ژمارەیەک لە خوێندکارانی کچی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان باس لەوە دەکەن، ئەو مامۆستا ئایینییە لە رێگەی ژمارەی تەلەفۆنی خۆیەوە هەراسانی کردوون، داوای وێنەی لێکردوون و "وێنەی نەشیاو"ی بۆ ناردوون. هەر بۆیە سکاڵایەکی زۆر لەسەر د. عەبدوللەتیف تۆمارکراوە.
د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، جیا لەوەی مامۆستای زانکۆیە، وەک رێبەری سەلەفییەکانی کوردستان دەناسرێت. بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییانە کاردانەوەی زۆری لە ناوەندە جیاوازەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە، بەڵام ناوبراو هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە "بووختانە" و دەنگی ئەو نییە.


.jpg&w=3840&q=75)