رووداو دیجیتاڵ
لە زانکۆی غازی عەنتابی پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستاندا جۆرە پسکیتێکی تایبەت بە کاتی بوومەلەرزە بەرهەمهێنراوە، بۆ ماوەیەکی زۆر پێویستییە خۆراکییەکانی مرۆڤ دابین دەکات.
مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆی غازی عەنتاب لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان پسکیتێکی تایبەت بە کاتی بوومەلەرزەیان بەرهەمهێناوە و پرۆژەکەیان بەناوی (خۆراکی کاتی بوومەلەرزە) بڵاوکردەوە.
پرۆژەکە بە مەبەستی دابینکردنی وزە و پێویستییە سەرەکییەکانی خۆراک لە کاتی بوومەلەرزە و کارەساتە سرووشتییەکان دەستیپێکراوە و پسکیتێکی کرێمداریان بەرهەمهێناوە لەڕووی پێکهاتەی خۆراکییەوە دەوڵەمەندە.
ئەم بەرهەمە بە ڤیتامین و مادە بەسوودەکان دەوڵەمەندە، بڕیارە وەک یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکانی خۆراک لە کاتی بوومەلەرزە و کارەساتەکاندا لەناو جانتای فریاگوزاریدا دابنرێت.
پڕۆژەکە لەلایەن پڕۆفیسۆر د. حسێن بۆزکورت، مامۆستای بەشی ئەندازیاریی خۆراک سەرپەرشتی دەکرێت و لەلایەن دامەزراوەی "توبیتاک" پشتگیری دەکرێت.
پڕۆفیسۆر د. حوسێن بۆزکورت رایگەیاند لەدوای بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی 2023ی مەڕەش، بیرۆکەیەکی وەهایان بۆ دروست بوو، چونکە لە کاتی کارەساتەکاندا پێویستییەکی زۆر بەو جۆرە خۆراکانە هەیە، کە تەمەنی بەسەرچوونیان دوورە و پێویستیی جەستە دابین دەکەن.
بۆزکورت هەورەها گوتی: "لەم پرۆژەیەدا ئەو خۆراکانەی لە کاتی بوومەلەرزەدا پێویستمان دەبن؛ وەک ئەو خۆراکانەی بە پرۆتین و چەوری دەوڵەمەندن، دروستدەکەین و دەیانخەینە نێو جانتای بوومەلەرزە. ئێمە بەرهەمێک ئامادە دەکەین کە لەکاتی رووداوی کتوپڕدا پێویستیی سەرەتایی مرۆڤەکانە. ئامانجی سەرەکیی ئێمە بەرهەمهێنانی بسکویتێکە لەکاتی رووداوە کتوپڕەکاندا توانای مانەوەیەکی زۆر ببەخشێت. بەگوێرەی ئەو ئەنجامانەی دەستمان خستوون، هەنگاوی زۆر ئەرێنیمان ناوە. بسکویتەکەمان گونجاوە و لەڕووی پرۆتین و چەورییەوە دەوڵەمەندە".
لەبارەی پێکهاتەی پسکیتەکەوە حسێن بۆزکورت گوتی:"سێ جۆر قەوزەی وردمان بەکارهێناوە؛ یەکەمیان سپیرولینا کە بە پرۆتین بەرز ناسراوە، دووەمیان شیزۆکیتریوم کە بە ڤیتامین D و ترشە چەورییەکان دەوڵەمەندە، سێیەمیشیان دونالیێلا کە بە بێتا-کارۆتین و دەوڵەمەندە".
بۆزکورت جەختی لەوە کردەوە، ئەم پسکیتە بەراورد بە بەرهەمە ئاساییەکان، پرۆتین و ترشی ئەمینیی زۆر زیاتری تێدایە و لە رووی شێوە و رەنگیشەوە سەرنجڕاکێشە. راشیگەیاند، ئەنجامی ئەو پڕۆژەیە جگە لەوەی دەبێتە سەرچاوەیەکی زانستی، دەکرێت لە داهاتوودا وەک بەرهەمێکی بازرگانیی دەوڵەمەند بە خۆراک،بخرێتە بازاڕەوە.


