رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت؛ بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان ئەم هەواڵەی بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، بڕیاریداوە بڕی 120 ملیار دینار وەک "بەشی داهاتی ناوخۆ" لە کۆی ئەو پارەیە ببڕێت کە بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، ئەم لێبڕینە حکومەتی هەرێمی کوردستان تووشی گرفت دەکات، چونکە ئێستا داهاتی ناوخۆ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمترە لە جاران. ئەمە لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستاش بەشێک لەو مووچەخۆرانەی مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە، مووچەی مانگی 5ـیان وەرنەگرتووە.
بۆ رێگریگرتن لەم بڕیارە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەسەر هێڵە تاوەکو وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئەو 120 ملیار دینارە گل نەداتەوە.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دانوستاندن بچنە بەغدا و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانیشیان گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر ئەو بڕە پارەیەی بەغدا داوای دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، مانگانە 42 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە تەرخان دەکات کە بە گرێبەست دامەزراون. ئەگەر بەغدا ئەو 120 ملیار دینارە ببڕێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی 6 تووشی کورتهێنان دەبێت و رەنگە مووچەی هەمووان دوابکەوێت تاوەکو ئەو کورتهێنانە پڕ دەکرێتەوە.
فالح ساری، لە کاتی دەستبەکاربوونی گوتی، مووچەی هەرێمی کوردستان دواناخات. بەڵام ئێستا بەبێ هاوئاهەنگی پێشوەختە دەیەوێت ئەو لێبڕینە جێبەجێ بکات.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێن عەلی زەیدی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و بەغدا رازی بێت تەنیا نیوەی داهاتی ناوخۆ وەربگرێت، تاوەکو چیدیکە بژێویی مووچەخۆران نەکەوێتە مەترسییەوە.



