رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەک و گوندەکانی سنووری تانجەرۆ لە باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانی، بەدەست دووکەڵ و بۆنی ناخۆشی کارگە پیشەسازییەکانەوە هەراسان بوون. ئەوان دەڵێن ژیانیان کەوتووەتە مەترسییەوە و زۆرینەیان تووشی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە بوون.
نەسرین محەممەد، دانیشتووی گوندی جەزا جافە لەو سنوورە، دەردی خۆی و هاوگوندەکانی بۆ رووداو باس دەکات و دەڵێت: "حاڵمان نەماوە بەدەست ئەم بۆن و دووکەڵەوە، داوا دەکەین یان ئێمە بگوازنەوە یان ئەو کۆمپانیایانە."
تانجەرۆ و گوندەکانی دەوروبەری، کەوتوونەتە نێوان چەندین کارگەی پیشەسازییەوە. زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە خەڵکانی هەژار و کەمدەرامەتن، ئەوان لە نێوان مانەوە لە ژینگەیەکی ناتەندروست و جێهێشتنی ماڵەکانیاندا، بە ناچاری یەکەمیان هەڵبژاردووە، چونکە توانای داراییان بۆ بارکردن نییە.
هەژار مەحموود، یەکێکی دیکەیە لە دانیشتووانی ناحیەی تانجەرۆ، ئەو بە نیگەرانییەوە باس لە ناخۆشی بۆنەکە دەکات و دەڵێت: "ئەو بۆنە ناخۆشەی بەسەر ئێمەدا دێت، ئەمریکا بەسەر ئێراندا بیکردایە، ئێستا ئێران نەمابوو."
مەترسییە تەندروستییەکان
پیسبوونی ژینگەی ناوچەکە تەنیا بۆن و دووکەڵ نییە، بەڵکو کاریگەری راستەوخۆی لەسەر تەندروستی خەڵکەکە داناوە. ئاڵتوون محەممەد، کابانی ماڵە، باس لەوە دەکات کە بۆن و دووکەڵەکە هەموویانی تووشی نەخۆشی "رەبوو" کردووە، دەشڵێت: "لە ترسی بۆنەکە، ناوێرین تەنانەت موبەریدەش هەڵکەین."
هاوکات هونەر رەحمان، کە پیشەی شۆفێری تاکسییە، ئاماژە بەوە دەکات کە پاشماوەی کارگەکان و پیسبوونی ژینگەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە "تەنانەت ئۆتۆمبێلەکانیشمان بۆنی ناخۆشیان گرتووە."
سزاکان و هەڵوێستی حکومەت
دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەرپێچییە ژینگەییەکان، پشت بە رێنمایی ژمارە 2ی ساڵی 2023 دەبەستێت. بەپێی ئەو رێنماییە، هەر کارگەیەک سەرپێچی بکات، بە بڕی 750 هەزار دینار تاوەکو 10 ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند: "لیژنەکانی ئێمە بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی تۆمارکردنی ئەو کارگە و شوێنانەن کە سەرپێچی ژینگەیی دروستدەکەن."
پرسی تانجەرۆ گەیشتووەتە ئاستە باڵاکانی حکومەت. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، چارەسەرکردنی کێشەکانی تانجەرۆ پرسێکی نیشتمانییە و پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراقیش بە دابینکردنی بودجەی پێویست، بەشداربێت لە چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە ژینگەییەدا.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
