رووداو دیجیتاڵ
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) رایگەیاند، سوپای پاسداران بە سێ درۆن هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانیان لە دەورووبەری شاری بانە، بەڵام هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.
یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) باڵی چەکداری پژاک لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بەرەبەیانی پێنجشەممە 25ی حوزەیرانی 2026، هێزەکانی سوپای پاسداران بە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردە سەر دەوروبەی گوندی شیوێ لە نزیک شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان."
یەرەکە دەڵێت، لە هێرشەکەدا هێزەکانیان هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە، بەڵام باخ و رەزی خەڵکی ناوچەکە زیانیان پێگەیشتووە.
باڵی چەکداریی پەژاک هۆشداری دەدات: "ئێمە وەکو یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هێرشبەران ئاگادار دەکەینەوە کە هەر چەشنە هێرشکردن بۆ سەر وڵاتەکەمان قبووڵکراو نییە و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەدا، بەدڵنیاییەوە وڵامی پێویست دەدەینەوە."
راگەیێندراوەکەی پژاک لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەندامێکی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی شاری مەریوان لە پێکدادانێکدا لەگەڵ گرووپێکی چەکدار کوژراوە.
هەمان رۆژ، فەرەج رۆستەمی، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی پاسەوانی سنوور لە پارێزگای سنە رایگەیاند، "لە رووبەڕووبوونەوەدا لەگەڵ گرووپێکی دژبەر لە سنووری مەریوان، پاسەوانێکی سنوور بە ناوی دانیال نووریان کوژرا."
فەرەج رۆستەمی گوتی، "گرووپێکی پژاک دزەیان کردبووە نێو خاکی ئێران و دوای رووبەڕووبوونەوەیان بەرەو عێراق هەڵاتوون."
بەپێی میدیای ئێران، دانیال نووریان خەڵکی ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە.



