رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دوورخراوەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، بۆ چەند دیدارێک گەیشتە ئامەد و لەلایەن ئەندامانی پارتەکەی و هاونیشتمانییانەوە بە دەهۆڵ و زوڕنا، پێشوازی لێکرا.
ئۆزگور ئۆزەل، لە فڕۆکەخانەی ئامەد لەلایەن ئەندامانی پارتەکەیەوە پێشوازی لێکرا و دواتر سڵاوی لە جەماوەر و ئەندامانی پارتەکەی کرد کە لە دەرەوەی فڕۆکەخانە چاوەڕێی بوون.
پێشوازیکاران دروشمەکانی "سەرۆک ئۆزگور، تورکیای ئازاد" و "ئامەد شانازیت پێوە دەکات"یان دەگوتەوە. بە هەلهەلەی ژنان و دەهۆڵ و زوڕنا پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
بەپێی بەرنامەی سەردانەکەی، ئۆزەل دوای ئەوەی نوێژی هەینی لە مزگەوتی گەورەی ئامەد کرد، سەردانی کاسبکارانی شارۆچکەی سوور-ی ئامەد دەکات.
پاشان، لە گەڕەکی ئشکلاری سەر بە قەزای بسمیل لەگەڵ جووتیاران و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش کۆدەبێتەوە.
پێشبینی دەکرێت ئۆزەل لە کاتەکانی ئێوارەدا بە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ گەنجان، کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ ئامەد بهێنێت.
باڵی ئۆزگور ئۆزەل، تەواوی چالاکییە حیزبییەکانیان لە پەرلەمانی تورکیا و شار و شارۆچکەکانی دیکەی تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەدەبەن. بۆ ئەوەی دەست بە جەماوەرەکەیانەوە بگرن لە رێگەی سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی شارەکانەوە کە لەم باڵەی ئەو پارتەدا گردبوونەتەوە. هەروەها یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم جۆرە چالاکییە گوشارخستنە سەر باڵی کەمال کڵچدارئۆغڵو بۆ ئەوەی ناچاری بکەن کۆنگرەی نائاسایی بکات.
رۆژی 21ی ئایاری 2026 دادگای ئەنقەرە بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی رەها"ی بۆ 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە دەرکرد کە تێیدا ئۆزگور ئۆزەل ببووە سەرۆک. بەو بڕیارە، ئۆزەل و سەرکردایەتییەکەی رەوایەتییان لەدەستدا و کەمال کڵچدارئۆغڵو و ستافە کۆنەکەی گەڕانەوە سەر دەسەڵات. ئەو دۆخەی لەو رۆژەوە دروستبووە جەهەپەی تووشی قەیرانێکی یاسایی و سیاسیی گەورە کردووە.



