رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان کۆبوونەوەی جەماوەریی بۆ ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەڕێوەبرد و لە پارێزگاکانی دیکەش بەردەوام دەبێت.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) و تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، ئەمڕۆ شەممە 27-6-2026، بۆ داواکردنی ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبوونەوەی جەماوەرییان لە پارێزگای وان سازکرد.
کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی وان لە گۆڕەپانی نەورۆز لە تەنیشت قەڵای وان بەڕێوەچوو. دەیان هەزار کەس بەشدارییان کرد.
سەباحەت تونجەل، چالاکڤانی تەژەئا گوتاری پێشکێشکرد و گوتی: "خەڵکی ئێمە دەیەوێ سەرۆک ئاپۆ ئازاد بێت. کاتێک بە خۆیم گوت؛ ئێوە چیتان بۆ ئەو هەڵوێستەی خەڵک هەیە؟ سەرۆک ئاپۆ گوتی؛ هەموومان بەیەکەوە ئازاد دەبین. ئێستا لێرەوە؛ لە گۆڕەپانی وانەوە دەڵێین؛ سەرۆکەکەم، هەموومان بەیەوە ئازاد دەبین. هەموومان بەیەوە ئازادی دەهێنین. ئێمە دەزانین ئەگەر گەلێک رێبەرەکەی ئازاد نەبێت، ئەو گەلە ئازاد نییە".
تونجەر هەروەها رایگەیاند، ئەگەر ئاشتیی راستەقینەمان بوێ، دەبێ دادپەروەری و یەکسانی بەدی بێت. هەروەها گوتی:"تورکیا ئەم پرۆسەیە بە (تورکیای بێ تیرۆر) ناودەبات. سەرۆک ئاپۆ راستەوخۆ نەیتوانیوە بۆ خەڵک قسە بکات؛ تەنیا لەڕێی پارێزەرانییەوە، لەڕێی ماڵباتەکەی و شاندەکانەوە پەیامی خۆی گەیاندووە. جا لەبارەی ئەم پرۆسەیە گوتی؛ ئەمە پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسیی کۆمەڵگەیە".
سەباحات تونجەل هەروەها رایگەیاند، کورد ماوەی 50 ساڵ خەباتی کردووە و قوربانیی داوە، ئێستاش کاتی ئەوەیە بە ئازادی بگات.
هەمان کۆبوونەوەی جەماوەری ئەمڕۆ لە ئیستەنبووڵیش بەڕێوەچوو و بڕیارە رۆژی یەکشەممە 28-6-2026 لە پارێزگاکانی ئامەد و مێرسین بەڕێوەبچێت و هاوسەرۆکانی دەم پارتی گوتار پێشکێش بکەن.
لەگەڵ دەستپێشخەرییەکەی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بابەتی ئازادکردنی ئۆجەلان و مافی هیوا کەوتووەتە رۆژەڤ.
مافی هیوا چییە؟
هەڵسەنگاندنی مافی ئازادکردنی زیندانییە و ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت هەموو زیندانییەک هیوای ئەوەی هەبێت رۆژێک لە گرتووخانە بچێتە دەرەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگە بێتەوە، بەڵام ئەوە تاوەکو ئێستا لە تورکیا نەبووەتە یاسا.
هەرچەندە (مافی هیوا) لەلایەن دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپاوە جێبەجێ دەکرێ و بە دادگەکانی تورکیاش گوتراوە کە جێبەجێی بکەن، بەڵام تورکیا نەیکردووە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەمبارەیەوە رەخنەی تووند لە تورکیا دەگرێ و دەڵێ، دەبێت هەموو زیندانییەک دوای 36 ساڵ مانەوە لە ژوورەوە ئازاد بکرێ.
واتە بەگوێرەی ئەو یاسایە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەگەر هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبێت پێویستە 2036 ئازاد بێت.

