رووداو - دیجیتاڵ 40 کچە یاریزانی کورد لە شارەکانی دێریک و حەسەکەوە گەیشتنە دیمەشقی پایتەختی سووریا تاوەکو لە رێگەی 3 تیپی جیاوازەوە بەشداری لە پاڵەوانێتیی تایکواندۆی سەر ئاستی سووریا بکەن. ئەوان تەنیا بۆ بەشداریکردن نەچووبوون، بەڵکو ململانێیان بۆ بردنەوەی نازناوەکان دەکرد و توانییان ئەنجامێکی بێ وێنە تۆمار بکەن. شام هیشام، یەکێکە لەو کچە یاریزانانەی 6 ساڵی بەردەوامە لە وەرزشی تایکواندۆ. ئەو ئێستا لە لایەن راهێنەرەکەیەوە ئامادە دەکرێت تاوەکو بچێتە ناو گۆڕەپانی کێبڕکێکان؛ خەونی گەورەی شام ئەوەیە ببێتە پاڵەوان و پشتوێنی رەش بەدەستبهێنێت. تیپی "پڵنگەکانی تایکواندۆ"، دوای 14 ساڵ دابڕان و دوورکەوتنەوە، ئەمە یەکەمجارە بەشداری لە پاڵەوانێتییەک لەسەر ئاستی سووریا دەکەن. دلیار حسێن، راهێنەری تیپی پڵنگەکان، بە ئومێدێکی زۆرەوە سەرپەرشتیی کچە یاریزانەکانی دەکات تاوەکو جارێکی دیکە تیپەکەیان بۆ سەر سەکۆی شانازی بگەڕێننەوە. جگە لە پڵنگەکان، تیپەکانی "بازەکان" و "دایدۆ"ش بەشدارییەکی کارایان هەبوو و پێش دەستپێکردنی یارییەکان متمانەی تەواویان بە سەرکەوتن هەبوو. هەردوو خوشک، هێلین و سێلینا حەسەن، توانییان ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن و ببنە پاڵەوانی کۆمار. ئەوان دوای سەرکەوتنیان و وەک گوزارشتێک لە خۆشییەکانیان، ئاڵای کوردستانیان لە دیمەشق بەرزکردەوە. لەم پاڵەوانێتییەدا 23 تیپی تایکواندۆ لە سەرجەم پارێزگاکانی سووریاوە بەشدارییان کرد، کە کۆی گشتیی یاریزانەکان 208 کەس بوو. کچانی نوێنەری پارێزگای حەسەکە توانییان ئەنجامێکی نایاب تۆمار بکەن و بە 11 مەدالیای جۆراوجۆر بگەڕێنەوە، کە پێکهاتبوون لە 2 مەدالیای زێڕین، 5 زیو و 4 مەدالیای بڕۆنز.