رووداو دیجیتاڵ
یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) دەڵێ، چوار گەریلایان لە هێرشی سوپای پاسداران لە مهاباد گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) رایگەیاند، "رۆژی 27ی حوزەیران، بە سوودوەرگرتن لە دۆخی ئێستا و رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا، سوپای پاسداران بە بەکارهێنانی چەکی قورس هێرشی بۆسەر هێزەکانی یەرەکە ئەنجامدا."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی پێکدادانی هێزەکانیان لەگەڵ سوپای پاسداران لە سنووری مهاباد لە پارێزگای ورمێ، چوار ئەندامی هێزەکەیان گیانیان لەدەستداوە کە دوو ژن و دوو پیاون.
یەرەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە رووبەڕووبوونەوەکەدا ژمارەیەک ئەندامی سوپای پاسداران کوژراو و برینداربوون؛" باس لەوەش دەکات، وەڵامی جیاوازیان بۆ کردە سەربازییەکانی ئێران دەبێت.
هاوکات هەر ئەمڕۆ قەرارگەی هەمزەی سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، چوار ئەندامی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان "لە بەرزاییەکانی نێوان شارەکانی مهاباد و پیرانشار" گیانیان لەدەستداوە و کەوتوونەتە بەر دەستی سوپای پاسداران.
قەرارگەی هەمزە کە سەرپەرشتی کردە سەربازییەکانی پارێزگاکانی سنە و ورمێی سوپای پاسداران دەکات، هەڕەشە دەکات و دەڵێ: "بەرپەچی هەرچەشنە جموجووڵێکی سەربازی لە ناوچەکە دەدەینەوە."




