رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی باغڵاری شاری ئامەدی باکووری کوردستان لە دوو گەڕەکدا سندووقی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پرۆژەکان داناوە. کام سێ پرۆژە دەنگی زیاتر بینێنن، دەخرێنە پێشینەی کارەکان.
دەنگدانەکە لە گەڕەکەکانی یەنیکۆی و یونس ئەمرە بەڕێوەدەچێت و رۆژی سێشەممە 30-06-2026 دەستیپێکرد.
دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە لەنێوان 15 پڕۆژەی پێشنیازکراو کە پێشتر لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکان و کۆبوونەوە راوێژکارییەکاندا دەستنیشانکراون، سێ پڕۆژە هەڵدەبژێرن.
دەنگدانەکە لە رێگەی سندووقەکان و بە شێوەی دیجیتاڵی دەکرێ و تاوەکو رۆژی سێی تەممووز بەردەوام دەبێت.
ئەو هاونیشتمانییانەی ناتوانن خۆیان بگەیەننە شوێنی دەنگدان، دەتوانن لە ماڵپەڕی baglarbutce.com دەنگ بدەن.
تیمە گەڕۆکەکان هاوکاریی ئەو کەسانە دەکەن کە ناتوانن بچنە سەر سندووقەکان یان لە دەنگدانی دیجیتاڵیدا پێویستییان بە هاوکارییە.
ئەو سێ پڕۆژەیەی زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، رۆژی سێی تەممووز رادەگەیێندرێن و راستەوخۆ دەخرێنە واری جێبەجێکردنەوە.
پڕۆسەی جێبەجێکردنی پڕۆژە هەڵبژێردراوەکان لەلایەن لیژنەی گەڕەکەکان و تیمەکانی شارەوانییەوە جێبەجێ دەکرێن.
هەموو کەسێکی تەمەن 12 ساڵ و بەرەو سەر دەتوانێت دەنگ بدات.
سندووقی دەنگدان لە یەک شوێن نییە. لە نووسینگەکانی موختاری یەنیکۆی و یونس ئەمرە، چوارڕێ، شەقامی گۆڕستان، شەقامی نوکهەت جۆشکون، رێگەی کۆنی فڕۆکەخانە، شەقامی گورسەل و ناوچەی کوروچەشمە سندووق هەیە و خەڵک دەتوانن دەنگ بدەن.


