رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد (سەلەفی) بە یەکجاری وەکو مامۆستای زانکۆ دوورخرایەوە.
بە گوێرەی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتەکە کە د. ئارام محەممەد قادر بە رەنگی سوور واژۆی کردووە، بڕیاردراوە بە سزای دووخستنەوەی هەمیشەیی (العزل) بۆ (د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد مستەفا) کە مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانە لە زانکۆی سلێمانی.
نووسراوەکە، ئاماژە بە نووسراوی سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی ژمارە 890/21 لە رێککەوتی 24-06-2026 کردووە کە تێیدای هاتووە، "دوا بەدوای نووسراومان ژمارە 1335 لە رێککەوتی 28-06-2026، هەروەها ئاماژە بە نووسراوی دووەمی زانکۆی سلێمانی ژمارە 934/28 لە رێککەوتی 01-07-2026 تایبەت بە ئەنجامی لێژنەی لێکۆڵینەوەی کەیسی عەبدوللـەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان/ زانکۆی سلێمانی، کە بە فەرمانی زانکۆی ژمارە 865/24 لە رێککەوتی 18-06-2026 پێکهێندراوە و بە ئامادەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی، پاڵپشت بە مادەی 4 برگەی 8 و 9 لە یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە 14ی ساڵی 1991."

سزای (العزل) چییە؟
د. رێبوار محەممەد، شارەزای یاسا و مامۆستای زانکۆی گەرمیان، لەبارەی ئەو سزاوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: " فەرمانە وەزارییەکە پشتی بە مادەی (4/ بڕگەی 8 و 9) لە یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (14)ی ساڵی 1991ی هەموارکراو بەستووە، لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی بە وەزیر دراوە.
سزای (العزل) دوورخستنەوەی یەکجاری، کە بەسەر (د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد)دا سەپێندراوە، بەپێی مادەی یاسایی ئاماژەپێکراو (مادەی 8/ بڕگەی 8) بەم شێوازە دەبێت:
1. دوورخستنەوە لە کار: فەرمانبەرەکە بە تەواوی لە کارەکەی (کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی) لادەدرێت و پێگەی وەک مامۆستای زانکۆ نامێنێت.
2. قەدەخەی دامەزراندنەوە: کەسی سزادراو بەم مادەیە، بۆ هەمیشە (یاخود بۆ ماوەیەکی درێژی یاسایی بەپێی جۆری سەرپێچییەکە) مافی دامەزراندنەوەی لە هیچ دامەزراوەیەکی دیکەی حکومیدا نابێت.
د. عەبدولـلەتیف دەتوانێ خانەنشین ببێ؟
د. رێبوار محەممەد گوتی: هەر فەرمانبەرێک عەزل بکرێ، ناتوانێ پلەی وەزیفی وەربگرێتەوە، بەڵام بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، دەکرێ خانەنشین ببێ، ئەویش بە دوو مەرج:
یەکەم: تەمەنی لە 50 ساڵ زیاتر بێ
دووەم: خزمەتی لە 20 ساڵ زیاتر بێ
د. عەبدولـلەتیف بە چی تۆمەتبار کراوە؟
تۆمەتەکانی سەر د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد لەلایەن چەند خوێندکارانی کۆلێژەکەی خۆیەوە بووە لە زانکۆی سلێمانی، کە دەڵێن، لە رێگەی مۆبایلەوە "وێنەی نەشیاوی بۆ ناردوون و قسەی نەشیاوی" لەگەڵدا کردوون.
بەڵام تاوەکو ئەمڕۆش د.عەبدوللـەتیف ئەحمەد هەموو تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە و بە ناڕاستیان دەزانێ.
پێناسەی (العزل) لە یاسای سزاکانی عێراق:
یاسای ئینزیباتی (بەرزەفتی) فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە 14ی ساڵی 1991
بریتییە لە دوورخستنەوەی فەرمانبەر لە وەزیفەکەی بە شێوەیەکی هەمیشەیی و بۆی نییە جارێکی دیکە لە فەرمانگەکانی دەوڵەت و کەرتی گشتیدا دابمەزرێتەوە. ئەم بڕیارە دەبێت بە بڕیارێکی پاساودار (بەڵگەدار) لەلایەن وەزیرەوە دەربچێت.
ئەو هۆکارانەی وا دەکات فەرمانبەر "عەزل" بکرێت
- ئەگەر سەلمێنرا فەرمانبەرەکە کارێکی ئەوەندە مەترسیداری کردووە کە مانەوەی لە خزمەتی دەوڵەتدا زیان بە بەرژەوەندیی گشتیی دەگەیێنێت.
- ئەگەر فەرمانبەرەکە لەلایەن دادگەوە حوکمدرا بەهۆی تاوانێکی گەورە کە پەیوەندی بە وەزیفەکەیەوە هەبێت، یان ئەو تاوانەی بە سیفەتی فەرمی (وەک فەرمانبەر) ئەنجامی دابێت.
- ئەگەر فەرمانبەرەکە پێشتر سزای دەرکردنی (الفصل) بۆ دەرچووبێت و پاشان دابمەزرێتەوە، بەڵام دووبارە کارێک تاوانێک بکاتەوە کە سزای دەرکردنی بۆ دەربکرێت، ئەو کاتە بە یەکجاری "عەزل" دەکرێت.


