رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی و سیستەمی گومرگی، بەرەو بەغدا بەڕێبکەون.
رۆژی چوارشەممە، 01ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمشەو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێک هاتوون لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولکەریم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و چەند بەرپرس و بەڕێوەبەرێکی دیکە، دەچنە بەغدا."
سەبارەت بە ئەجێندای سەردانەکە، سەرچاوەکە گوتی: "شاندەکە بۆ پرسی داهاتی نانەوتی و کۆتا نوێکارییەکانی (ئەپدەیت) سیستەمی ئەسیکۆدا دەچنە بەغدا."
هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی، یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە تایبەتە بە بڕی ئەو پارەیەی وەک داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا دەکرێت، بە شێوەیەک کە لەبری ناردنی 120 ملیار دینار، نیوەی داهاتە نانەوتییەکان بنێردرێت.
ئەم سەردانە لە کاتێک دایە کە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر چەند پرسێکی دارایی و تەکنیکیی پەیوەست بە داهاتەکان و خەرجییەکان لە گفتوگۆی بەردەوام دان بۆ رێکخستنەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی 23-06-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەڕاندنەوەی ئەو 120 ملیار دینارە بۆ حکومەتی فیدراڵی لەسەر هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. ئەوەی لە یاسا دا هاتووە ئەوەیە کە نیوەی داهاتە نانەوتییەکان بدرێتە حکومەتی فیدراڵی."
17ـی حوزەیرانی 2026، لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایار لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
.jpg&w=3840&q=75)



