رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو بەڵگەفیلمی "ئاوازی خەرەند"ی نمایش کرد، گێڕانەوەیەکی مێژوویی و هونەرییە لەسەر وێستگەکانی ژیان و تێکۆشانی مامۆستای کۆچکردوو، زرار محەممەد رواندزی، وەکو یەکێک لە پێشەنگەکانی بواری مۆسیقا و پەروەردەی هونەری لە کوردستان دەناسرێت.
بەڵگەفیلمی "ئاوازی خەرەند" لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە بەرهەمهێندراوە و تیشک دەخاتە سەر ئەو قۆناخانەی کە مامۆستا زرار تێیدا رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پێگەیاندنی نەوەیەکی مۆسیقی. لە فیلمەکەدا ئەوە نیشان دەدرێت کە ئەو هونەرمەندە چۆن هەموو ژیان، ماڵ و سەروەتەکەی خۆی خستبووە خزمەت هونەر و موزیکی کوردی.
نمایشکردنی بەڵگەفیلمەکە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی لەدایکبوونی ئەو هونەرمەندە، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی، هونەرمەندان، دۆستانی هونەر و بەرپرسانی ناوچەکە ئامادەی بوون و گوێیان بۆ ئەو ئاوازانە شل کرد کە مامۆستا زرار لە ژیانی هونەری خۆیدا دایڕشتبوون.
فەرهاد محەممەد، برای مامۆستا زرار، لەبارەی بەرهەمهێنانی ئەم بەڵگەفیلمە دەستخۆشی لە رووداو کرد و گوتی: "وەکو بنەماڵەی مامۆستا زرار، لە دڵەوە سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداو دەکەین. زۆر زەحمەتتان کێشاوە و بەم کارەتان نیشانتاندا کە وەفادارن بۆ خزمەتەکانی ئەو هونەرمەندە. هیوادارین هەموو ساڵێک یادی بکرێتەوە و لەیادی نەکەین."
هەر لە پەراوێزی نمایشەکەدا، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاماژەی بە گەورەیی کارەکانی ئەو هونەرمەندە کرد و رایگەیاند: "مامۆستا زرار لە رووی ماددی و تەکنۆلۆژییەوە زۆر دەستکورت بووە، بەڵام کاتێک دەستکەوتەکانی لەگەڵ دونیای ئێستا بەراورد دەکەین، ئینجا گەورەیی کارەکانی بۆ ئێمە دەردەکەوێت. دەستخۆشی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکەم کە توانی گەورەیی مامۆستا زرار لەڕێگەی ئەم دۆکیومێنتارییەوە نیشانی بینەران بدات."
زرار محەممەد مستەفا، بەهۆی خزمەتە زۆرەکانی بە "رابەری هونەری" دەناسرێت، لە ساڵی 1937 لە شارۆچکەی رواندز لەدایکبووە. ئەو مامۆستایە دوای 84 ساڵ تەمەن و پێشکەشکردنی خزمەتێکی زۆر بە کایەی هونەری و پەروەردەیی، لە ساڵی 2021 کۆچی دوایی کرد.

.jpg&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)