رووداو دیجیتاڵ
گوندی زیارەتی سەر بە قەزای شەقڵاوە ماڵئاوایی لە بێکارەبایی و دەنگی مۆلیدە کرد. لە رێگەی پڕۆژەیەکی دەزگای روانگەوە، تیشکی رۆژ بووە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی کارەبای 24 کاژێریی بێبەرامبەر بۆ تەواوی ماڵەکانی گوندەکە.
پڕۆژەکە لەلایەن دەزگای روانگەوە جێبەجێ کراوە، گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە ژیانی دانیشتووانی گوندی زیارەت دروست کردووە. لێرە بەدواوە تیشکی رۆژ نەک تەنیا بۆ رووناککردنەوە، بەڵکو وەکو سەرچاوەیەکی بەردەوامی وزە بۆ ماڵەکان بەکاردێت.
بەدریە فەتاح، یەکێک لە دانیشتووانی گوندی زیارەت، باس لە نەهامەتییەکانی رابردوویان دەکات و بە رووداوی گوت: "پێشتر حاڵمان زۆر خراپ بوو، کارەبامان وەکو لایتێکی کەم وابوو. ئەگەر شەو کارەبا هەبوایە، رۆژ نەبوو، یان بەپێچەوانەوە. وەکو ئەوە وابوو هەر لە تاریکیدا بین، بەڵام ئێستا ژیانمان گۆڕاوە."
رەسول عەبدوڵڵا، مامۆستای ئایینی گوندەکە، خۆشحاڵیی خۆی بە پڕۆژەکە دەربڕی و گوتی: "حەساینەوە. لەنێو نوێژەکانمدا سوپاسی خوا و دەستخۆشی لە دەزگای روانگە دەکەم بۆ ئەم خزمەتە گەورەیەی پێشکەشیان کردووین."
هەروەها مام ئەسعەد حەسەن، ئەویش نیشتەجێی هەمان گوندە، هیوای خواست ئەم جۆرە پڕۆژانە گوندەکانی دیکەش بگرێتەوە و گوتی: "ئەوندە دڵخۆشین ناتوانین وەسفی بکەین، تەنیا دەتوانین بڵێین رەحمەت لە دایک و باوکی ئەوەی ئەم پڕۆژەیەی بۆ کردووین."
پڕۆژەیەک بۆ پاراستنی ژینگە و خزمەتی گشتی
دەزگای روانگە لەسەر ئەرکی خۆی پڕۆژەکەی جێبەجێ کردووە. ئەمە پێنجەمین گوندە لەسەر ئاستی ناوچەکە هەمان پڕۆژەی وزەی پاکی بۆ جێبەجێ دەکرێت.
حەسەن شێخ عەلادین، سەرۆکی جێبەجێکاری دەزگای روانگە، دەربارەی ئامانجی پڕۆژەکە بە رووداوی راگەیاند: "مەبەستمانە لە رێگەی ئەم کارانەوە خزمەت بە ژینگە بکەین. ئەم پڕۆژەیە بەرهەمی روانینێکی قووڵی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی دەزگاکەمانە، کە هەمیشە جەخت لەسەر پڕۆژە بونیادییە دوورمەوداکان دەکاتەوە کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی کۆمەڵگە هەبێت."
وردەکاریی پڕۆژەکە:
- کۆی وزەی دابینکراو: 1500 ئەمپێر.
- پشکی هەر ماڵێک: 15 ئەمپێر کارەبای بەردەوام.
- تێچوو: لەسەر ئەرکی دەزگای روانگە.
- سوودمەند: تەواوی ماڵەکانی گوندی زیارەت.
ئەم هەنگاوەی دەزگای روانگە، تەنیا رووناککردنەوەی گوندێک نییە، بەڵکو وەکو سەرەتایەکی گرنگ دەبینرێت بۆ برەودان بە وزەی پاک لە کوردستان و کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە دارایی و ژینگەیەی کە ساڵانێکی زۆرە بەهۆی کێشەی کارەباوە بەرۆکی هاووڵاتییانی گرتووە.

.jpg&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)