رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی باروتخانە رێگەی نێوان کەرکووک و سلێمانییان داخست، بەڵام ئێستا رێگەکە کراوەتەوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.
رۆژی پێنجشەممە، 02ـی تەممووزی 2026، عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ بەشێکی دانیشتووانی گەڕەکی باروتخانە رێگەی کەرکووک - سلێمانییان داخستبوو بە پاساوی ئەوەی زەویی و خانووەکانیان دەڕوخێندرێت، بەڵام بابەتەکە وا نییە؛ ئەوانە کۆمەڵێک خەڵکن هەندێک زەوییان بەبێ تاپۆ داگیرکردووە کە زەویی ئەوان نییە."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیس، ئەو زەوییانە دەکەونە شەقامی بازنەیی کەرکووک بەرامبەر "جوان سیتی" و زۆربەی شوێنەکە چۆڵەوانییە. عامر شوانی ئاماژەی بەوە کرد: "هیچ خانوویەکی لێ نییە، تەنیا 3 خانوویان کردووەتە هەیکەل. ئەو کەسانە دەیانەوێت لەو رێگەیەوە گوشار دروست بکەن بۆ ئەوەی پارە لە وەبەرهێنەران وەربگرن."
سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە، عامر شوانی گوتی: "هێزەکانمان گەیشتنە شوێنەکە و شەقامەکە کراوەتەوە، ئێستاش رێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە بەشداربوون لە داخستنی رێگەکە و سەرپێچییان کردووە."



.webp&w=3840&q=75)