رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە سەرەتای وەرزی دروێنەوە زیاتر لە 120 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ئەو پارێزگایە وەرگیراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 2ی تەممووزی 2026، ئەمیر نووری، بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای کرماشان رایگەیاند: "لە سەرەتای وەرزی دروێنەوە زیاتر لە 120 هەزار و 275 تۆن گەنم لە جووتیارانی ئەو پارێزگایە وەرگیراوە و رادەستی ناوەندەکانی تایبەت بە وەرگرتنی گەنم کراوە."
بە گوتەی ئەمیر نووری، تاوەکو ئێستا 67 ناوەندی تایبەت بە وەرگرتنی گەنم لە کرماشان کراونەتەوە و بڕیارە ناوەندەکان زیاتر بکرێن.
ئەمیر نووری ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین گەنمی ئەم ساڵ لە سەرپێڵ زەهاو وەرگیراوە.
سەبارەت بە پارەی گەنمی جووتیاران، بەڕێوەبەری دانەوێڵەی کرماشان دەڵێ، تائێستا 531 ملیار و 848 ملیۆن تمەن (زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار) لە پارەی گەنمی وەرگیراو بۆ جووتیاران خەرجکراوە و 6 هەزار ملیار تمەنیش پارەکە ماوە و لە بەرنامەیاندایە لە ماوەیەکی نزیکدا بەشێکی دیکەی خەرج بکەن.
حکومەتی ئێران بڕیاری داوە بۆ ئەم ساڵ یەک کیلۆیەک گەنمی ئاسایی بە 49500 تمەن (28 سەنت) لە جووتیاران بکڕێ.
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کرماشان پێشتر رایگەیاندبوو، ئەم ساڵ لە رووبەری زیاتر لە 440 هەزار هێکتار زەویی ئەو پارێزگایەدا گەنم چێندراوە و پێشبینی دەکەن بەرهەمیان نزیکەی یەک ملیۆن تۆن بێت.



