رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رادەگەیێنێت و دەڵێ لە تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا لە ناوچەی پیرانشار " شەش پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکرات شەهیدبوون ".
بەپێی راگەیێندراوێکی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران کە ئەمڕۆ پێنج شەممە 2ی تەممووزی 2026 بڵاوکرایەوە، شەڕەکە شەوی چوارشەممە، 1ی تەممووزی 2026، لە گوندی (قزقاپان) لە مەودای سێ کیلۆمەتریی شاری پیرانشار روویداوە. "ئەو پێشمەرگانە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی سیاسی و تەشکیلاتی دا، کەوتوونەتە ناو کەمینێکی هێزێکی زۆری سوپای پاسدارانەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا ناوی پێشمەرگەکان بڵاوکراوەتەوە کە بریتین لە: کارۆ هۆرمزیاری، فەردین چەنگیزی، محەممەد خاکی، عەبدوڵڵا محەممەدپوور، توانا عوسمانی و محەممەدئەمین بایەزیدی.
چوارشەممە 1ی تەممووزی 2026، پۆلیسی سیستان و بەلووچستان رایگەیاند، چەکداری نەناسراو تەقەیان لە ئەفسەرێکی پۆلیس کردووە و کوشتوویانە.
بەرەبەیانیی 30ـی حوزەیرانیش، لە مهاباد تێکهەڵچوونێک لەنێوان هێزێکی چەکدار و قەرارگەی هەمزەی سوپای پاسداران روویدا.
قەرارگەی هەمزەی سوپای پاسداران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، چەند چەکدارێک لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کوژراون.
هەمان رۆژ، دەزگا میدیاییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایانگەیاند لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا لە شاری پاوە، دوو پاسدار کوژران و دووی دیکەش برینداربوون و چەکدارەکان لە بەردەمی ماڵی پاسدارەکاندا تەقەیان کردووە.


