رووداو دیجیتاڵ
100 ساڵە لە سەنتەری قەزای ئامێدی، دیاردەی کوشتن رووینەداوە و رێژەی جیابوونەوەی هاوژینانیش زۆر کەمە. دانیشتووانی قەزاکە دەڵێن: ماوەی 100 ساڵە هیچ رووداوێکی کوشتن تۆمار نەکراوە و لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا تەنیا یەک حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە.
خالد مستەفا، پێشمەرگەی خانەنشین بە رووداوی گوت: "راستە، لەوەش زیاتر لە ئامێدی ئەم شتانە نییە، هیچ خوێندارییەک نییە، هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ یەکدی نییە و دڵی کەس لە یەکدی نایەشێت."
بشار ساڵح، موختاری ئامێدی دەڵێت: "دوو گەڕەک بە یەکداهاتوون و شەڕەکە فراوان بووە، بەڵام نەگەیشتووەتە رادەی کوشتن، ئێوارە یان رۆژی دواتر هاتوون و ئاشت بوونەتەوە."
لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا یەک کەیسی جیابوونەوەی هاوژینان لە دادگەی ئامێدی تۆمار کراوە، لە بەرامبەردا 25 کەس ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە. پار ساڵیش نۆ کەیسی جیابوونەوە هەبوو و 63 کەسیش ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە.
بیرمان عیماد، پارێزەر و دەڵێت: "کەیسەکەی ئەمساڵ خەڵکی سەنتەری قەزای ئامێدی بوو، بەڵام لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان ژیاوە و پەسەندکردنی جیابوونەوەکەی هێناوەتە نێو دادگەی ئامێدی، چونکە گرێبەستی هاوژینییەکەی لە ساڵانی رابردوودا لێرە کرابوو."
قەزای ئامێدی بە دووریی 70 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک. ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە پێنج هەزار کەسە.


.png&w=3840&q=75)
