رووداو دیجیتاڵ
بۆ رۆژی دووەم لەسەریەک، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بەرفراوان پارێزگای کەرکووک و ناحیەی پردێی گرتووەتەوە، دوای ئەوەی نرخی ئەمپێرێکی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان بۆ 18 هەزار دینار بەرزکرایەوە. لە کاردانەوەیەکدا، خاوەن موەلیدەکان بە تەواوی کارەبایان کوژاندووەتەوە و شارەکەیان خستووەتە تاریکییەوە، هاوکات لە چەند گەڕەکێکی کەرکووک خۆپێشاندان دەستیپێکردەوە و داوای چارەسەری بەپەلە دەکەن.
قەیرانەکە رۆژی یەکشەممە دەستیپێکرد، کاتێک لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدەکان لە قایمقامییەتی کەرکووک، نرخی یەک ئەمپێری بۆ مانگی رابردوو بە 18 هەزار دینار دیاریکرد. ئەم نرخە، تووڕەیی دانیشتووانی شارەکەی لێکەوتەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە گەڕەکەکانی وەک شۆریجە، پەنجا عەلی، حەسیرەکە، بارووتخانە، ئیمام قاسم، عەسکەری و راپەڕین، خەڵک رژانەوە سەر شەقامەکان.
محەممەد جەلیل، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی خۆپێشاندەران لە گەڕەکی شۆریجە، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد، گوتی: "کارەبای نیشتمانی تا راددەیەک باشە، چونکە کەشوهەوا فێنکە. ئەم نرخە زۆرە. لە سەردەمی دکتۆر نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشوو، نرخی ئەمپێر تەنیا 3 هەزار دینار بوو." ئەو ئاماژەی بەوەشکرد کە "گەورەترین گەندەڵی لە پرسی موەلیدە ئەهلییەکاندا دەکرێت."
لەژێر گوشاری ناڕەزایەتییەکاندا، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد و نرخی ئەمپێرێکی بۆ 13 هەزار دینار کەمکردەوە. بەڵام ئەم نرخە نوێیەش نە خۆپێشاندەران و نە خاوەن موەلیدەکانی رازی نەکرد.
خۆپێشاندەران رژدن لەسەر داواکارییەکەیان بۆ کەمکردنەوەی نرخەکە بۆ 5 هەزار دینار، لە کاتێکدا ئیبراهیم محێدین، نوێنەری خاوەن موەلیدە ئەهلییەکانی کەرکووک، لە (بەرپرسیار) گوتی: "هیچ موەلیدەیەک لە سنووری پارێزگای کەرکووک کارناکات. بە 13 هەزار دینار رازی نین."
خاوەن موەلیدەکان دەڵێن، حکومەت سووتەمەنیی پێویستیان بۆ دابین ناکات. بە گوتەی نوێنەرەکەیان، "بۆ مانگێک 340 کاژێر کارمان کردووە، کەچی حکومەت تەنیا بەشی 108 کاژێر گازمان پێدەدات."
لە ناحیەی پردێش، دۆخەکە بەهەمان شێوە ئاڵۆزە. خۆپێشاندەران بۆ ماوەی دوو کاژێر رێگەی سەرەکیی کەرکووک-هەولێریان داخست، کە بووە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی زۆر. دانیشتوویەکی پردێ بە رووداوی گوت، "دەیان بەڵێنمان پێدراوە، بەڵام هیچ متمانەمان پێیان نییە. کەرکووک بێکەسە."
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە پردێ، رایگەیاند کە دوای دانوستاندن، چەند داواکارییەکی خۆپێشاندەران بە هەند وەرگیراوە، لەوانە گۆڕینی کارمەندانی وێستگەی سووتەمەنی و بەڵێنی کۆبوونەوە لەگەڵ خاوەن موەلیدەکان.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە (بەرپرسیار) هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکەی بۆ بۆشایی ئیداری لە پارێزگاکە گەڕاندەوە و گوتی: "کەرکووک بێ پارێزگارە. لە هیچ کاتێک و لە هیچ وەرزێکی پاییزدا نرخی ئەمپێر نەگەیشتووەتە ئەم ئاستە."
ئەو پێشنیازی دانانی "کاژێری زیرەک"ـی کرد بۆ هەموو لایەک تاوەکو بزانرێت چەند کاژێر کارەبا دەدرێت و جەختیشی کردەوە کە ئەگەر خاوەن موەلیدەکان پابەند نەبن، "رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
تاوەکو ئێستا، دوای بڕانی کارەبای نیشتمانی، کەرکووک لە تاریکیدایە و چارەنووسی کێشەکە نادیارە، لە کاتێکدا هەریەک لە هاووڵاتییان، خاوەن موەلیدەکان و ئیدارەی شارەکە چاوەڕوانی چارەسەرێکن، کە مافی هیچ لایەنێک پێشێل نەکات.


