رووداو دیجیتاڵ
بەهاری تەمەن 50 ساڵ، بەهۆی نەشتەرگەرییەکی چاوەوە لە زاخۆ لە 22ی مانگی یەکی ئەمساڵ ئەنجامی دابوو، هەردوو چاوی لە دەست دا. بەگوێرەی راپۆرتە پزیشکییەکانی وڵاتانی ئوردن، بەریتانیا و هۆڵەندا، بەهۆی زیاد بەکارهێنانی ماددەی سڕکەر، دەمارەکانی چاوی خوێنیان پێناگات.
بەهار زاخۆیی، ئەو کەسەی چاوەکانی لەدەستداوە بە رووداوی گوت: "کاتێک چووم رۆژی 22ی مانگی یەک بوو، نەشتەرگەرییەکەم کرد؛ کاتێک چووم دڵم ئارام نەبوو. دوو سێ جار پێم گوت، من کوێر نابم؟ دوو سێ کاژێر سەرم زۆر ئازاری هەبوو و ئیتر دنیام نەبینی. بە کچەکەم گوت تەلەفۆن بکە، بۆ سکرتێرەکەم کرد وەڵامی نەدایەوە. پێی دەڵێم من دنیا نابینم، دەڵێت ئاساییە؛ پێم گوت پزیشکەکەم بدەرێ، گوتی ئاساییە. لەوێ خوێنێکی زۆر لە چاوم هات، پێم گوت ژمارەی تەلەفۆنی خۆتم بدەرێ؛ گوتی من ژمارەی خۆم نادەم بە هیچ کەسێک."
کچی بەهار دەڵێت: "ئێمە زانیمان هیچ چارەیەک لە دەستی ئەودا نەماوە بیکات، بردمانە دەرەوەی وڵات؛ بردمانە سێ وڵات: ئوردن، هۆڵەندا و بەریتانیا. هەرسێ وڵاتەکە گوتیان، هۆکاری ئەمە ئەوەیە کە بەنج [ماددەی سڕکەر] بە تەواوی نەکراوە، لەگەڵ ماددەی بەنج، ماددەی خوێنبەربوون بەکاردەهێندرێت؛ ئەوە کاریگەریی لەسەر دەماری چاو کردووە و وشکی کردووە."
دوای تاریکبوونی جیهانی بەهار، خێزانەکەی سکاڵایان تۆمار کردووە و لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەی 416ی یاسای سزادانی عێراقی دەستیپێکردووە. خالد سەلیم، پارێزەری کەیسی بەهار: "سکاڵاکە بەپێی ماددەی 416ی یاسای سزادانی عێراقی لە بنکەی پۆلیسی دەلال تۆمار کراوە. ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی کراوەتەوە. بڕیاری لێکۆڵینەوە لەلایەن دادوەری بەڕێزەوە دەرچووە. ئێمە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین."
سەندیکای پزیشکانیش ئاگاداری کەیسەکەن و بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتیان بۆ لێکۆڵینەوە داوە. قەیس عوبەید، سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی زاخۆ بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە ئاگاداری ئەم کەیسەین، من لەگەڵ پزیشکەکە قسەم کردووە؛ دەزانین کە هەندێک کاریگەریی لاوەکی بۆ نەخۆشەکە دروست بووە. بۆ ئەو کاریگەرییانە، پێویستە ئێمە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنین. بەدواداچوون دەکەین کاتێک سکاڵاکە وەک سەندیکای پزیشکان دەگاتە بەردەستمان."
بەگوێرەی راپۆرتە پزیشکییەکانی وڵاتانی ئوردن، بەریتانیا و هۆڵەندا، بەهۆی زیاد بەکارهێنانی ماددەی سڕکەر، دەمارەکانی چاوی خوێنیان پێناگات، بەڵام بە گوتەی ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجامداوە، ئەو هەزاران نەخۆشی چارەسەر کردووە و ئەمە بۆ ئەو حاڵەتێکی جیاوازە، خۆی بە کەمتەرخەم نازانێت و ئەوەی لەسەر شانی بووە بۆ نەخۆشەکەی ئەنجامی داوە.


