رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرێک لە شاری پاریس سکاڵایەکی یاسایی دژی حکومەتی فەرەنسا تۆمار کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی حکومەت رەتی کردەوە دوو کچە منداڵی فەرەنسی لە کەمپی رۆژی پارێزگەی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەیان.
بەپێی دەقی سکاڵاکە، ئەم دوو کچە تەمەنیان 10 ساڵ و 12 ساڵە کە گەورەکەیان لە فەرەنسا لەدایکبووە. ئەوان لە مانگی کانوونی یەکەمی 2018ـەوە لە کەمپی رۆژن، کەمپێک کە تایبەتە بە راگرتنی کەسوکاری چەکدارانی رێکخراوە جیهادییەکان و زۆربەیان خەڵکی بیانی و وڵاتانی رۆژئاوایین.
ماری دۆزێ، پارێزەری ئەو دوو کچە باسی لەوە کرد کە ئەوان تاوەکو مانگی نیسانی ئەمساڵ لەگەڵ دایکیاندا بوون، بەڵام دوای ئەوەی دایکیان گیانی لەدەستداوە، ئێستا ئەم دوو کچە منداڵە لە "بارودۆخێکی زۆر لاواز و خراپدان".
پارێزەرەکە دەڵێت، چەندین جار داواکاریی پێشکێش بە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا کردووە بۆ هێنانەوەیان، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە. هەر بۆیە لە سکاڵاکەیدا هاتووە کە "بێدەنگیی وەزارەت و وەڵامنەدانەوە، بە واتای رەتکردنەوە دێت، ئەمەش پێشێلکردنی بڕیارێکی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپایە لە ساڵی 2022."
پارێزەرەکە رەخنە لەم هەڵوێستە دەگرێت و دەڵێت: "کێشەکە ئەوەیە فەرەنسا هەمیشە منداڵە بێسەرپەرشتەکانی گەڕاندووەتەوە، تەنانەت لە ساڵی 2019ـشدا کە گێڕانەوەی هەر کۆچبەرێکی دیکەی رەتدەکردەوە." ئەو ئاماژە بەوەش دەکات کە لەدوای مردنی دایکی ئەم دوو کچەوە، چەندین ژن و منداڵی تورکی، ئیندۆنیزی و ئوسترالی بۆ وڵاتەکانیان گەڕێندراونەتەوە.
هەروەها ماری دۆزێ تیشک دەخاتە سەر ئەو گۆڕانکارییانەی دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کۆتایی 2024ـدا روویانداوە و دەڵێت: "ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، ناوچەکە چیدیکە تەنیا بەدەست کوردەکانەوە نییە، بەڵکو ئێستا پەیوەندیی دیپلۆماسیی فەرمی لەگەڵ سووریادا هەیە."
بەپێی ئامارەکانی داواکاری گشتیی فەرەنسا، لە ساڵی 2012ـەوە هەزار و 490 کەس لە فەرەنساوە (کە 417ـیان ژن بوون) چوونەتە سووریا و عێراق بۆ ئەوەی پەیوەندی بە رێکخراوە جیهادییەکانەوە بکەن. لەو ژمارەیە، 395 کەسی پێگەیشتوو (کە 176ـیان ژن بوون) و 361 منداڵ گەڕێندراونەتەوە بۆ فەرەنسا.
دوایین پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە لە سووریاوە بۆ فەرەنسا، دەگەڕێتەوە بۆ نێوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2025، کە تێیدا دە منداڵ و سێ ژن گەڕێندرانەوە.



.jpg&w=3840&q=75)