رووداو دیجیتاڵ
کۆڵبەرێکی خەڵکی شارۆچکەی شاهۆی پارێزگای کرماشان گیانی لەدەستدا و رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، تەقەی لێکراوە.
ئەمڕۆ شەممە 4ی تەممووزی 2026، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، "رۆژی هەینی کۆڵبەرێکی خەڵکی شارۆچکەی شاهۆ سەر بە شاری روانسەر لە پارێزگای کرماشان بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژرا."
بەپێی ئەو رێکخراوانە، رۆژی هەینی هێزەکانی ئێران لە سنووری شووشمێی نەوسوود بێ هۆشداریی پێشوەخت و بە پاساوی گواستنەوەی کەلوپەلی قاچاخ، (وەزیر رەحیمی) یان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و بەو هۆیەوە ئەو هاونیشتمانییە گیانی لەدەستداوە.
وەزیر رەحیمی، تەمەن 57 ساڵ، خێزاندار و خەڵکی گوندی (مەنسوورئاغای) سەر بە شارۆچکەی شاهۆی شاری روانسەر بوو.
رۆژی 11ی حوزەیرانیش کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی موتەلیب خەیبەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژرا.
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ساڵی رابردوو 26 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و 31 کۆڵبەریش بریندار کراون.



.jpg&w=3840&q=75)
