رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا رێگە بە هاوردەکردنی بەنزین بدرێت، ئەوەش بە مەبەستی چارسەسەرکردنی کێشەی کەمیی سووتەمەنی و دابەزاندنی نرخەکەی.
رۆژی شەممە، 04-07-2026، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەقی نووسراوێکی بڵاوکردەوە کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش- هەولێر و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان کراوە، بۆ ئەوەی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقەوە رێگە بە هاوردەکردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان بدرێ.
بڕیارەکە 2ـی تەممووز لەلایەن کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت واژۆ کراوە و تێیدا هاتووە، پێویستە رێگەپێدان بە هاوردەکردنی بەنزین بەپێی ئەو ستانداردانە بێ کە لەلایەن وەزارەتەکەوە دیاریکراون.
لە بڕیارەکەدا داوا لە ئاسایش کراوە ئاسانکاریی تەواو بۆ بازرگانان بکرێ بۆ ئەوەی بتوانن بەنزین بە کواڵیتیی باش هاوردە بکەن.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئامانج لە رێگەپێدان بە هاوردەکردنی بەنزین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی سووتەمەنی و کۆنترۆڵکردنی نرخەکەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە.
بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە کاتێکدایە، زیاتر لە مانگێکە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە و بەرپرسانی حکومەتیش ئاماژە بەوە دەکەن، هەوڵەکانیان بۆ ئاساییکردنەوەی نرخ بەردەوامن.



