رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی پردێ، جووتیارێکی کورد لەکاتی ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکەیدا بێسەروشوێن بوو، دوای گەڕانێکی زۆریش ئۆتۆمبێلەکەی بە دووریی 10 کیلۆمەتر لە شوێنی رووداوەکە دۆزرایەوە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
هەردی زەینەڵ، تەمەن 35 ساڵ، خەڵکی گوندی قەزنەفەری سەر بە ناحیەی پردێیە، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە. ئێوارەی رۆژی هەینی، بە مەبەستی ئاودانی گەنمەشامییەکەی چووەتە سەر زەوییەکەی لە نێوان سنووری یارمجە و بیبانی، بەڵام نەگەڕاوەتەوە و مۆبایلەکەشی کوژاوەتەوە.
کاروان هادی، پورزای هەردی، بە رووداوی راگەیاند: "کاژێر 07:20 خولەکی ئێوارە تەلەفۆنم بۆ کرد، دۆخەکە زۆر ئاسایی بوو و گوتی وا خەریکی ئاوگۆڕینم و دەگەڕێمەوە، بەڵام لە نێوان کاژێر حەوت و نیو بۆ هەشت مۆبایلەکەی کوژایەوە و بێسەروشوێن بوو."
دوای ئەوەی گەڕانی شەوانەی هێزە ئەمنییەکان و کەسوکاری جووتیارەکە بێ ئەنجام بوو، لەگەڵ بەرەبەیانی رۆژی شەممە گەڕان بەدوایدا فراوانتر کرا. هەر زوو ئۆتۆمبێلەکەی هەردی لە نزیک گوندی "کتکە" دۆزرایەوە، نزیکەی 10 کیلۆمەتر لەو شوێنە دوورە کە لێی بێسەروشوێن بووە.
رەمەزان محەممەد، خاڵۆزای جووتیارەکە، ئاماژە بەوە دەکات لە شوێنی ئاودانەکە ئاسەواری جێ پێی زۆر بەدی دەکرێت، ئەوەش گومانی لای ئەوان دروستکردووە کە لەلایەن چەکدارانەوە رفێندرابێت. دەشڵێت: "تاوەکو ئێستا هیچ سەرەداوێکمان دەستنەکەوتووە و گەڕان بەردەوامە."
هاوکات لەگەڵ ئەم رووداوە، بەیانیی رۆژی شەممە، هێزێکی دژەتێرۆر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، لە بۆسەیەکدا لە سنووری پردێ چەکدارێکی توندئاژۆیان بە نیشانشکێن کوشت.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو چەکدارە خەڵکی سنووری شەرگاتی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە و سەر بە گرووپی داعش بووە، کە ماوەیەکە سەرپەرشتی گرووپێکی چەکداری لە ناوچەکەدا دەکەن. تاوەکو ئێستا بە فەرمی پەیوەندی نێوان کوژرانی ئەو چەکدارە و بێسەروشوێنبوونی جووتیارە کوردەکە رانەگەیێندراوە.


.jpg&w=3840&q=75)