رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان، دژەتیرۆری عێراق و هاوپەیمانان لە سنووری پردێ، ئەفسەرێکی دژەتیرۆری عێراق گیانی لەدەستدا و ژمارەیەک چەکداری داعش کوژران. ئۆپەراسیۆنەکە دوای ئەوە هات، رۆژی پێشتر فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق بۆردوومانی چڕی سێ مۆڵگەی داعشیان لە گوندەکانی چیا چەرمک و دەرمان لەسەر زێی بچووک لە سنووری ناحیەی پردێی پارێزگای کەرکووک کرد.
بەپێی ئەو زانیارییەکان دوای بۆردوومانەکە، بە پشتیوانیی هێلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکی زەوینیی هاوبەشی هێزی کۆماندۆی کوردستان، دژەتیرۆری عێراق و هێزێکی هاوپەیمانان دەستیپێکرد. لەکاتی رووبەڕووبوونەوەکاندا، ئەفسەرێکی دژەتیرۆر بەناوی حەسەن خدر، بریندار بوو و دواتر گیانی لەدەستدا.
ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری بووە لەبارەی بوونی ژمارەیەک چەکدار و هەراسانکردنی خەڵکی ناوچەکە. دانیشتووانی ئەو سنوورە کە زۆربەیان جووتیار یان ئاژەڵدارن، بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە ناوچەکانیان چۆڵکردووە یان بە شەوان ناتوانن لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
کارزان سابیر، کە یەکێکە لە دانیشتووانی ناوچەکە، بە رووداوی گوت: "دوێنێ نزیکەی حەوت جار فڕۆکە بۆردوومانی کرد. مەترسییەکە وەک جاران نییە، جاران دۆخەکە باشبوو، کاژێر 12:00ـی شەو دەچووین بۆ ئیش."
لەو ناوچەیەی ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا کراوە، هیچ هێزێکی عێراقی و کوردستانی بوونی نییە و بۆشایی ئەمنی هەیە، بۆیە مەترسییە ئەمنییەکان پریشکی بۆ ناوچە کوردییەکانی دیکەی وەک شوان، شێخ بزێنی، ساڵەیی و بیبانی هاویشتووە.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کێشە لەو هێزە ئەمنییە هەیە کە لەم سنوورەدایە، بەڕاستی کەمتەرخەمن. کەمتەرخەمییەکەیان لەوەدایە کە سنوورەکەیان جێهێشتووە و بۆشاییەکی ئەمنیی زۆر هەیە."
ئەو پەرلەمانتارە داوای لە سەرۆکوەزیران، وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری، سەرۆک ئەرکانی سوپا و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک کرد، "چاو بە هەموو ئەو هێزانەدا بخشێننەوە کە لەم سنوورەن، بەتایبەتی بەرپرسانی هەواڵگریی ئەم شارە."
سەرەڕای بۆردوومانکردنی مۆڵگەکانی چەکدارەکان و کوژرانی ژمارەیەکیان، بەڵام بەهۆی سەختیی هەڵکەوتەی جوگرافیای ناوچەکە، ئۆپەراسیۆنەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە.


