رووداو دیجیتاڵ
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە ساڵی 2016ـەوە لە تورکیا زیندانیکراوە، بەهۆی گرنگیدان و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی (رۆژین کابائیش)، سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد.
رۆژی یەکشەممە، 6ـی تەممووز، کەسوکاری (رۆژین کابائیش) سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاشیان کرد لە زیندانی ئەدیرنە. ئەحمەد کابائیش، مامی رۆژین، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "دەمیرتاش سڵاوی تایبەتی بۆ کارمەندانی (رووداو) ناردووە و دەستخۆشیی لێکردوون بۆ رووماڵکردنی ئەو بابەتە."
مامی رۆژین گوتی: "دەمیرتاش پێی راگەیاندین کە بە وردی چاودێریی کەیسەکە دەکات و سوپاسی ئەو میدیانەی کرد کە خەمی گەیاندنی راستییەکانیانە."
لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، خانەوادەی رۆژین و پارێزەرەکانی جەخت لەوە دەکەنەوە کە کچەکەیان بە رووداوێکی ئاسایی نەمردووە، بەڵکو "کوژراوە" و گومانیان لە شێوازی مردنەکەی هەیە.
گومانەکان لەسەر دۆسیەی رۆژین کاتێک زیاتر بوون کە بەگوێرەی دوایین راپۆرتی پزیشکی داد، شوێنەواری دی ئێن ئەی (DNA)ـی دوو پیاو لەسەر دوو شوێنی جەستەی رۆژین کابائیش دۆزرانەوە. ئەم بەڵگەیە بووەتە خاڵێکی سەرەکی لە داواکاریی پارێزەران بۆ چڕکردنەوەی لێکۆڵینەوەکان.
سەرەڕای ئەوەی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا دۆسیەکە بە کراوەیی ماوەتەوە و خانەوادەکەی لە چاوەڕوانیی گەیشتنن بە راستییەکان و سزادانی تاوانباران.



