رووداو دیجیتاڵ
لە نزیکەی 400 هەزار تۆن گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵیی کەرکووک، 290 هەزار تۆنی وەردەگیرێت. بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگا، هەر جووتیارێک 18%ـی گەنمەکەی دەرەوەی پلانی لێ وەرناگیرێت.
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆی 392 هەزار تۆن گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی، رەزامەندی لەسەر ئەوە دراوە کە 292 هەزار تۆن وەربگیرێت. بەو پێیە 18%ـی بەرهەمی هەر جووتیارێک وەرناگیرێت کە زۆرینەیان کوردن".
وەرگرتنی گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی لە رێگەی بەستەرێکی ئەلیکترۆنییەوە دەبێت، شەوی 5ـی تەممووز بۆ ماوەیەک کرایەوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نزیکەی 500 جووتیار ناویان نووسیوە.
عەبدوڵڵا میروەیس رایگەیاند، رەزامەندی دراوە رۆژانە لە سێ سایلۆی کەرکووک 300 بارهەڵگر گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی وەربگیرێت.
لە یەکی حوزەیرانەوە رادەستکردنی گەنمی جووتیارانی کەرکووک لە چوار سایلۆی سەر بە وەزارەتی بازرگانییەوە دەستی پێکردووە و یەکێک لە سایلۆکان پڕ بووە، زیاتر لە 330 هەزار تۆن گەنمی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناو پلان وەرگیراوە.
بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، نزیکەی 410 هەزار دۆنم گەنمی کەرکووک لەنێو پلانی کشتوکاڵیدایە، کە هەر تۆنێکی گەنمەکەی بە 700 هەزار دینار وەردەگیرێ و گەنمی دەرەوەی پلان بە نرخێکی کەمتر وەردەگیرێت.

