رووداو - دیجیتاڵ
بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زەوی لە هەولێر بوژانەوەیەکی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت؛ بەراورد بە مانگی رابردوو نرخەکان بە رێژەی زیاتر لە 25% بەرزبوونەتەوە و نووسینگەکانی خانوبەرەش دەڵێن "فریا ناکەوین"، چونکە خواستێکی زۆر لەسەر کڕینی زەوی دروستبووە.
ئێستا لە نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە لە هەولێر، رۆژانە دەیان گرێبەست واژۆ دەکرێن. نیاز چاوشین، ئەندامی ئەنجوومەنی بۆرسەی کڕین و فرۆشتنی زەوی لە هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە جموجۆڵێکی زۆر لە بازاڕەکەدا هەیە و هۆکارەکانی ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ زیادبوونی خواست و هاتنی سەرمایە بۆ نێو بازاڕەکە دەگەڕێنێتەوە.
دڵشاد سەبور، مامەڵەکارێکی زەوییە لە هەولێر و دەڵێت: "ئێستا لە هەولێر زەوی نیشتەجێبوون و بازارگانی هەیە کە نرخەکەی لە پێنج هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو یەک ملیۆن دۆلار." ئەو مامەڵەکارە ئاشکرای دەکات کە "نیوەی زیاتری کڕیاران لە دەرەوەی هەولێر و دەرەوەی هەرێمی کوردستانن،" ئەمەش وایکردووە کێبڕکێ لەسەر کڕینی زەوی زیاتر بێت.
بەرزبوونەوەی نرخەکان زۆربەی سنووری شارەوانیی هەولێری گرتووەتەوە، بەڵام چەند ناوچەیەکی دیاریکراو زۆرترین مامەڵەیان تێدا دەکرێت، ئەوانیش:
- عارەب کەند
- کانی قرژاڵە
- باغەمرەی شەهاب
- گەڕەسۆر
ئەم ناوچانە لەکاتێکدا زۆرترین کڕین و فرۆشتنیان تێدا دەکرێت کە هێشتا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆ نەچووە.
پێچەوانەی ئەم هەڵکشانە خێرایەی نرخەکان، ژمارەیەک لە کۆمپانیا و نووسینگەکانی دیکەی خانووبەرە هۆشداری دەدەن لە دۆخەکە. سەردار ئازاد، خاوەنی کۆمپانیایەکی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو، داوا دەکات کڕیاران بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.
شەپۆلی ئەمجارەی بەرزبوونەوەی نرخی زەوی لە هەولێر لەکاتێکدایە، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەردەوامە.
ئاماری زەوی فەرمانبەران لە هەولێر:
- 83,000 فەرمانبەر رەزامەندیی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە.
- تاوەکو ئێستا نزیکەی 43,000 فەرمانبەر زەوییەکانیان وەرگرتووە.

