رووداو دیجیتاڵ
هۆتێلێکی چوار ئەستێرە لە هەوارگەی گەشتیاریی شنگلبانەی رواندز بەناوی 'هۆتێل ئەبراهام' کرایەوە، خاوەنی هۆتێلەکە دەڵێت، "هەوارگەی گەشتیاریی شنگلبانەم لەسەر زبڵخانە دروست کرد، ئێستا لە هەموو ناوچەکە دەدرەوشێتەوە."
رۆژی دووشەممە 6ی تەممووزی 2026 وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، هۆتێلێکی چوار ئەستێرەی لە پرۆژەی شنگلبانەی رواندز کردەوە، کە بەناوی 'ئەبراهام'ە و ناوی نەوەیەکی خاوەنی پرۆژەکەیە.
ساسان عەونی، وهزیری شارهوانی و گهشتوگوزاری هەرێمی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی دهربڕی، كه ئهو پڕۆژهیه به سهرمایهی خۆماڵی و نهخشهدانان و ئهندازیار و دهستی كاری خۆماڵی جێبهجێ كراوه؛ هیوایشی خواست سهرمایهدار و وەبەرهێنەرانی کورد پڕۆژهی گهشتیاری بكهنهوه، ههروهها لە قسەکانیدا ئاماژەی بە بایەخدانی حكومهتی ههرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مهسرور بارزانی به بهشداریكردنی سهرمایهی خۆماڵی و كهرتی تایبهت دا لە پرۆژە گەشتیارییەکان.
هەر لە رێوڕەسمەکەدا هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، ئەو هۆتێلە لەسەر پێشنیازی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خاوەنی پرۆژەکە دروستکراوە، کە پێی باش بووە پرۆژەکە هۆتێل و مۆتێلیشی تێدا بێت.
حازم کوردە، خاوەنی پرۆژەکە لەکاتی رێوڕەسمی کردنەوەیدا، گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی لە سەرەتاکانی بڕیاری دروستکردنی پرۆژەی هەواری گەشتیاریی شنگلبانە کرد و گوتی، هەموو خەڵکی رواندز دەزانێت کە ئەم پرۆژەیە "لەسەر زبڵخانە" دروستکرا.
کوردە، کە ساڵانێکی زۆرە لە دەرەوە دەژی، ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرەتا نەخشەکەم بە هاوژینەکەم پێشاندا، کە دکتۆرەیە. هاوژینەکەم گوتی، تۆ شێتی لەسەر ئەو زبڵخانەیە پرۆژە دەکەی؟ گوتم، تەنیا کەسانی شێت دەتوانن کاری مەزن بکەن". گوتیشی، "ئەگەر بیرم لە قازانج کردبایەوە، هەرگیز دەستم بۆ ئەم پرۆژەیە نەدەبرد."
هۆتێل ئەبراهام، 4 ئەستێرەیە و لە چوار نهۆم پێکهاتووە، نهۆمێکی پێشوازی و رێستۆرانتێک لەنێویدا بەناوی (دیلان) هەیە، سێیەم و چوارەم نهۆم ژووری مانەوەی تێدان، لەسەر رووبەری 1800 مەتر دووجا دروستکراوە و لە 54 ژوور پێکدێت، هۆتێلەکە بەناوی نەوەیەکی خاوەن پرۆژەکە بەناوی (ئەبراهام) کراوە.
حازم کوردە لە گوتارەکەیدا زۆر باسی شنگلبانەی کرد و گوتی، "ئێستا شنگلبانە لە ئاستی کوردستان و عێراق دەدرەوشێتەوە، تەنانەت لە ناوچەکەش پرۆژەی وەها بوونی نییە."
هەروەها باسی لەوەش کرد، 20 ساڵە خەریکی ئەو پرۆژەیە و بەردەوام کاتی خۆی بۆ تەرخان کردووە، هەربۆیە "ساڵ بە ساڵ زیاتر پێشکەوتووە."
کوردە وەک بازرگانێک قسەی زیاتری کرد و گوتی، "وەک بازرگانێک هەرگیز پێویستم بەوە نەبووە پارە لێرە ببەمە دەرێ، بەڵکو بەردەوام پارەم لێرە خەرج کردووە، نەک لەبەر ئەوەی شنگلبانە زەرەر دەکات، بەڵکو دەمەوێ زیاتر پێشیبخەم و هەمیشە پێشەنگ بێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا حازم کوردە باسی لەوە کرد، ئەو پرۆژەیە خەونی منداڵیی بووە، "کە لێرە شتێک دروست بکەم، سەرمایەدارانی دیکە لاساییم بکەنەوە."
هەروەها کوردە ئەوەشی خستەڕوو، "شنگلبانە بووە دایکی دەیان پرۆژە لە هەموو کوردستان، کە لە عەقڵیەتی گەشتیاریی کەپرە بێینە عەقڵیەتی گەشتیاریی پێشکەوتوو، کە ئەورووپییەک دێت سەرنجی رابکێشێت."