رووداو - دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە مێژووی 79 ساڵەی دامەزراندنییدا، کۆماری ئیتاڵیا بەرزترین مەدالیای رێزلێنانی وڵاتەکەی بەخشییە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر ئەم هەنگاوە بە "دانانی گێلاس لەسەر کێکی پەیوەندییەکان" ناودەبات و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، رێزلێنانەکە بەرهەمی هەڵسەنگاندنی چەندین ساڵەی رۆما بووە بۆ رۆڵی نێچیرڤان بارزانی.
رۆژی 8ی تەممووز لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا، روما "مەدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا" لە ئاستی "سوارچاکی خاچی گەورە"ی بەخشییە نێچیرڤان بارزانی. ئەم مەدالیایە بەرزترین و نایابترین جۆری رێزلێنانی ئیتاڵیایە بۆ ئەو کەسایەتییە بیانییانەی کە وەک "سوارچاک و شکۆدار" ناویان دەهێنرێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا سوپاسی ئیتاڵیای کرد و رایگەیاند: "سوپاس و پێزانینی قووڵم بۆ ئەم رێزلێنانە دەردەبڕم؛ بەناوی گەلی کوردستان و هەر کەسێک کە بەشدار بووە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیتاڵیا، ئەم مەدالیایە وەردەگرم."
'گێلاسێک لەسەر کێکی پەیوەندییەکان' تۆماسۆ سانسۆن، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم رێزلێنانە وەرچەرخانێکی گرنگە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و روما. سانسۆن گوتی: "ئێمە ئەمڕۆ گێلاسێک دەخەینە سەر کێکی پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان. لە رێی بەخشینی ئەم خەڵاتە بە جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، پەیوەندییەکانمان بەهێزتر دەکەین، چونکە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی دەبێت پەیوەندییەکانمان بەرەو پێشتر ببەین."
هۆکاری پێدانی مەدالیاکە چییە؟ بەپێی پێوەرەکانی ئیتاڵیا، نێچیرڤان بارزانی وەک "ئەندازیاری فراوانخوازیی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسییەکان" و وەک کەسایەتییەکی ئاشتیخواز و پابەند بە بنەماکانی مافی مرۆڤ بینراوە.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "پێدانی ئەم مەدالیایە هەر لەخۆوە نەبووە، بەڵکو بەرهەمی هەڵسەنگاندنی چەندین ساڵەی رابردووی ئیتاڵیا بووە بۆ شێوازی بەڕێوەبردن و سەرۆکایەتیکردنی حکومەت و هەرێمی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە."
دەربارەی مێدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا:
- ئاستی مێدالیا: سوارچاکی خاچی گەورە (باڵاترین ئاست).
- مێژوو: 79 ساڵە ئەم مەدالیایە دەبەخشرێت.
- بڕیاردەر: لیژنەیەکی 5 کەسی بە سەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوە و سەرۆکایەتیی
پرۆتۆکۆلی ئیتاڵیا.
- گرنگی: یەکەمین جارە سەرکردەیەکی کورد و عێراقی ئەم رێزلێنانە وەربگرێت.
بەخشینی ئەم مێدالیایە لەلایەن سەرۆککۆماری ئیتاڵیاوە، بە بەرزترین ئاستی دانپێدانانی فەرمیی ئەو وڵاتە دادەنرێت بە پێگە و رۆڵی کاریگەری کەسایەتییەک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و قووڵکردنەوەی هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ روما.
.jpg&w=3840&q=75)
