رووداو دیجیتاڵ
دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکات بەبۆنەی وەرگرتنی بەرزترین مێدالیای رێزی ئیتاڵیا.
رۆژی چوارشەممە، نیکۆلا فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق لە رێوڕەسمێکدا بە نوێنەرایەتیی سێرگیۆ ماتەرێلا، سەرۆککۆماری وڵاتەکە بەرزترین خەڵاتی رێزی ئیتاڵیای بەخشییە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
دەستەی کارگێڕی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی پێنجشەممە پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی کرد و رایگەیاند، "بەبۆنەى بەخشینى بەرزترین میدالیاى رێزلێنانی سڤیلی کۆماری ئیتاڵیا بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێزیان و خۆمان و گەلەکەمان دەکەین".
دەستەی کارگێڕی پارتی دەڵێت، "بەخشینى ئەم خەڵاتە بەها بەرز و نێودەوڵەتییە، ئاماژەیە بۆ پێگە و کاریگەرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەسەر ئاستى ناوخۆ و نێودەوڵەتى و، هەوڵ و هەنگاوەکانى بەڕێزیان بۆ بەهێزکردنى دیبلۆماسیەتى هەرێمى کوردستان و پتەوکردنى پەیوەندییەکان و پێکەوەژیان و پاراستنى بەها هاوبەشەکان".
لە کۆتایی پەیامە پیرۆزباییەکەیان دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: "جارێکى دیکە خۆشحاڵى و پیرۆزبایى گەرمى خۆمان رادەگەیەنین و هیواى سەرفرازى و سەرکەوتنى بەردەوام بۆ ئەزموون و هەرێمەکەمان دەخوازین".

.jpg&w=3840&q=75)
