رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی سوپای پاسدارانی ئێران پشتڕاستی کردەوە، لە پێکدادانێکی چەکداریدا لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەندامێکی سوپاکە کوژراوە.
سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، شەوی چوارشەممە، 08-07-2026، لە پێکدادانێکی چەکداریدا لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشتی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەندامێکیان کوژراوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ناوی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران رائید یوسف محەممەدی بووە، سەر بە سوپای (ئەنسارولمەهدی)ـی زەنجانی ئێران کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی "گرووپێکی چەکدار" چوونەتە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای ورمێ.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی کوشتنی ئەندامەکەی سوپای پاسدارانی نەگرتووەتە ئەستۆ و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ زانیارییەکیان لەسەر پێکدادانە چەکدارییەکە بڵاو نەکردووەتەوە.
کوژرانی ئەندامەکەی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە کە لە کۆتایی مانگی رابردوو و سەرەتای تەممووزەوە، چەندین جار لە پارێزگای ورمێ پێکدادانی چەکداری لە نێوان هێزی چەکدار و ئەندامانی قەرارگەی هەمزەی سوپای پاسداران روویداوە.
یەکێک لە تێکهەڵچوونەکان بەرەبەیانی 30ـی حوزەیران لە مەهاباد بوو کە قەرارگەی هەمزەی سوپای پاسداران لەوبارەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، چەند چەکدارێک لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کوژراون.
هەمان رۆژ، میدیای ئێران بڵاوی کردەوە لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا لە شاری پاوەی پارێزگای کرماشان، دوو پاسدار کوژران و دووی دیکەش بریندار بوون. چەکدارەکان لە بەردەمی ماڵی پاسدارەکاندا تەقەیان کردووە.


.jpg&w=3840&q=75)