رووداو دیجیتاڵ
سۆز عەلی، ئەو کچە قوتابییەی هەولێر کە توانی بە کۆنمرەی 700 پلەی یەکەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە "بەشی زانستی" بەدەستبهێنێت، چیرۆکی سەرکەوتنەکەی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە دەڵێت، رۆژانە 13 کاژێر خەریکی خوێندن بووە و خێزانەکەشی بۆ ماوەی 13 مانگ هەموو هاتووچۆ و خۆشییەکیان وەلاناوە بۆ ئەوەی ئەو بگاتە ئامانجەکەی.
سۆز عەلی، سەبارەت بە نهێنیی سەرکەوتنەکەی دەڵێت: "بەیانیان زوو هەڵدەستام و دەستم بە خوێندن دەکرد، دواتر دەچوومە لای مامۆستاکانم و دوای گەڕانەوەشم دووبارە پێداچوونەوەم بۆ وانەکان دەکردەوە، پێداچوونەوە کلیلی سەرەکییە بۆ ئەوەی وانەکان بە باشی وەربگریت." ئاماژەی کردهەرچەندە سترێسی هەبووە، بەڵام هەوڵیداوە کۆنتڕۆڵی بکات.
سەرکەوتنی سۆز تەنیا ماندووبوونی خۆی نەبووە، بەڵکو دایک و باوکی وەکو "سەربازی ون" هاوکاری بوون. دکتۆر تەڵار ئەمیر، دایکی سۆز، باس لەو قوربانییە دەکات کە خێزانەکەیان داویەتی و دەڵێت: "لە هاوینی پارەوە بڕیارماندا کچەکەمان پۆلی 12یە و دەبێت کەشێکی گونجاوی بۆ بڕەخسێنین. داوامان لە خزم و کەسوکار کرد کە سەردانمان نەکەن، خۆشمان بۆ ماوەی 13 مانگ سەردانی کەسمان نەکرد و هەموو خۆشییەکمان وەلانا."
لە بنەماڵەیەکی پزیشکەوە بەرەو کۆلێژی پزیشکی
سۆز عەلی لە بنەماڵەیەکدا گەورە بووە زۆربەیان پزیشکن. دکتۆر عەلی وەهبی، باوکی سۆز، ئاماژە بەوە دەکات هەرچەندە حەزی کردووە کچەکەشی وەکو ئەوان ببێتە پزیشک، بەڵام بڕیارەکەی بۆ خۆی جێهێشتووە. باوکی دەڵێت: "چونکە زۆربەمان لە کەرتی تەندروستین، حەزم دەکرد ئەویش ببێتە دکتۆر، بەڵام هیچ گوشارێکم لێنەکرد و بڕیاری کۆتایی لای خۆی بوو." ئێستا سۆز دوای ئەم سەرکەوتنە گەورەیە، خۆی بۆ چوونە کۆلێژی پزیشکی گشتی ئامادە دەکات.
مامۆستاکانی سۆزیش شایەدی بۆ لێهاتوویی ئەو دەدەن. محەممەد بالیسانی، یەکێک لە مامۆستاکانی، دەڵێت: "سۆز قوتابییەکی زۆر ورد بوو، نەدەهاتە سەر وانەی نوێ تاوەکو وەڵامی تەواوی پرسیارەکانی پێشووی وەرنەگرتایە."
سۆز عەلی، خەڵکی هەولێرە، نموونەی کچێکی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستانە توانی بە پلان و پاڵپشتی خێزانەکەی، نمرەی تەواو لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەدەستبهێنێت و ناوی خۆی لە لیستی یەکەمەکانی کوردستاندا تۆمار بکات.

