رووداو دیجیتاڵ
د. ئەرسەلان بایز لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی باڵاترین خەڵاتی رێزلێنانی ئیتاڵیا بە "سەربەرزی بۆ هەموو گەلی کورد" ناودەبات.
رۆژی هەینی 10ی تەممووزی 2026، د. ئەرسەلان بایز، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا کە ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی کردووە دەڵێت، "کاک نێچیرڤان ئەستێرەی گەشی دیپلۆماسیی گەلی کوردە لە ناوچەکە و ئەورووپادا. خەڵاتی ئەستێرەی ئیتالیاش باشترین نموونەی ئەو راستییەیە."
سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان هەروەها دەنووسێت، "لە نیشتیمانی ئێمەدا سەنعەت هەروا بە ئاسانی دروست نابێت و دەرناکەوێ، چونکە ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێ، کاتێکیش خۆی لە ژێر پەڵە هەورەکان رادەپسکێنێ دەردەکەوێ، هەوڵی پشتگوێخستن و پەراوێزخستنی دەدرێ، بەڵام شەوقی تیشکی مانگی 14 بە بێژنگ ناگیرێ."
د. ئەرسەلان بایز دەڵێت، "پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لێدەکەم، ئەو خەڵاتە سەربەرزییە بۆ هەموو گەلی کورد."
رۆژی 8ی ئەم مانگە، نیکۆلا فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، مێدالیای (ئەستێرەی ئیتاڵیا بە پلەی سوارچاکی خاچی مەزن)ی بەخشییە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە باڵاترین رێزلێنانی کۆماری ئیتاڵیایە بۆ کەسایەتییە بیانییەکان.
ئیتاڵیا هۆکاری بەخشینی ئەم مێدالیایەی بۆ رۆڵی نێچیرڤان بارزانی وەک "نێوەندگیرێکی جێگەی متمانە و پراگماتیک" گەڕاندەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ئەوروپا رۆڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە هاوسەنگکردنی پەیوەندییەکان و سەقامگیریی ناوچەکە بە گرنگ و ستراتیژی دەبینن.


