رووداو دیجیتاڵ
دادگەی کەرکووک سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ یاریدەدەری پێشووی بەڕێوەبەری فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی کەرکووک دەرکرد، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانی لە "دۆسیەیەکی گەندەڵی و زیانگەیاندن بە دارایی دەوڵەت."
رۆژی هەینی، 10ـی تەممووزی 2026، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، دادگەی تاوانەکانی کەرکووک سزای زیندانیکردنی بۆ دوو ساڵ بۆ یاریدەدەری پێشووی بەڕێوەبەری فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی کەرکووک دەرکردووە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەستەی دەستپاکی، ئەو بەرپرسە پێشووە بە تاوانی "زیانگەیاندنی ئەنقەست بە موڵکی گشتی" سزادراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە ئەو کەسە "دەسەڵاتەکانی خۆی بەکارهێناوە بۆ تێپەڕاندنی مامەڵەیەکی کڕین و فرۆشتنی موڵک و گۆڕینی ژمارەی موڵکەکان بە مەبەستی ساختەکاری."
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەو موڵکەی یاری بە ژمارەکەی کراوە، لە بنەڕەتدا خاوەندارێتییەکەی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی کەرکووک دەگەڕێتەوە، بەم کارەیشی زیانی گەورەی بە دارایی دەوڵەت گەیاندووە."
بڕیارەکەی دادگە پاڵپشت بە ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی دەرچووە. دەستەی دەستپاکی دەڵێت: "دادوەر دوای پێداچوونەوە بە تەواوی بەڵگەکان و سەلماندنی تاوانەکە"، بڕیاری زیندانیکردن بۆ ئەو بەرپرسەی پێشووی کەرکووک دەرکردووە.


