رووداو دیجیتاڵ
خانەی بەساڵاچووانی سلێمانی یادی سەدەیەک لە تەمەنی "ئایشەخان"ی کردەوە، ئەو ژنەی ساڵێکە خانەکەی کردووەتە ماڵی دووەمی خۆی و ئێستا بە تەمەندرێژترین نیشتەجێی ئەوێ دادەنرێت.
بۆنەی یادی 100 ساڵەی تەمەنی ئایشەخان، بە بەشداریی سودمەندبووانی خانەی نەوجەوانان و بەساڵاچووان و کارمەندانی خانەکە بەڕێوەچوو. ئایشەخان کە بەپێی ناسنامەکەی خەڵکی شاری کەرکووکە، ماوەی ساڵێکە لە خانەی بەساڵاچووانی سلێمانی نیشتەجێیە.
ئایشەخان، بە روومەتێکی گەش و بزەیەکەوە دەربارەی هەستی خۆی لەو یادەدا بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی گوت: "خوایەگیان هەموو ساڵێک ئاوا بە خۆشی و شادی کۆببینەوە. پێشتر نەمدەزانی تەمەنم چەندە، بەڵام ئێستا هەرکەسێک بپرسێت، دەڵێم 100 ساڵم."
گەرچی نیشانەکانی تەمەن کاریگەرییان لەسەر یادەوەرییەکانی داناوە و توانای ڕۆیشتنی لێ سەندووەتەوە، بەڵام کارمەندانی خانەکە وەکو کچ و کوڕی ئەو، شەو و رۆژ خزمەتی دەکەن.
زیار جەلال، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتیی سلێمانی، دەربارەی بارودۆخی ئایشەخان بە رووداوی راگەیاند: "لە رووی تەندروستییەوە بارودۆخی زۆر باش نییە و چاودێرەکانمان بەبەردەوامی ئاگاداری دەبن، بەڵام ژنێکی زۆر خانومان و قسەخۆشە."
ئایشەخان کاتەکانی بە گەڕان لە باخچەی خانەکە و بەخێوکردنی مریشکەکان بەسەردەبات. ئەو بەو کەمە وشەیەی لە یادگەیدا ماوەتەوە، هاوڕێ بەساڵاچووەکانی لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە و بووەتە مایەی دڵخۆشی بۆیان.
یەکێک لە هاوڕێکانی ئایشەخان لە خانەکەدا، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو یادە دەربڕی و گوتی: "یاخوا پیرۆزی بێت و تەمەندرێژ بێت. ئێرە ماڵی خۆمانە، بەیانیان بە دڵخۆشییەوە هەڵدەستین و خزمەتی خۆمان دەکەین."
لە خانەی بەساڵاچووانی سلێمانی 60 کەس نیشتەجێن، 15یان ژن و 45یان پیاون. لەو ژمارەیە 30 کەسیان بەهۆی پەککەوتەیییەوە پێویستییان بە چاودێریی ورد و بەردەوام هەیە. تەمەنی نیشتەجێبووانی خانەکە لە نێوان 60 بۆ 100 ساڵیدایە و ئایشەخان ئێستا "دایکی گەورە" و تەمەندرێژترینیانە.


