رووداو - دیجیتاڵ پڕۆگرامی روانگە بۆ پەروەردە و راهێنانی تەکنیکی و پیشەیی، کە پێشتر لە مانگی 4ی ئەمساڵدا بۆ خەڵکی ئاسایی رێکخرابوو، ئێستا قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات و خوێندکارانی زانکۆ دەکاتە ئامانج. رەنجدەر کامەران، راوێژکاری گشتیی دەزگای روانگە، لەبارەی ناوەڕۆکی پڕۆگرامەکە بە رووداوی راگەیاند: "ئەم پڕۆگرامە لەسەر بیرۆکە و راسپاردەی سەرۆکی دەزگای روانگە، ئیدریس نێچیرڤان بارزانی داڕێژراوە. تێیدا 5 بابەتی سەرەکی کە بازاڕ داوایان دەکات لەخۆدەگرێت؛ وەک وزەی خۆر، گرافیک دیزاین، دیجیتاڵ مارکێتینگ، چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و چاککردنەوەی مۆبایل." بۆ بەشداریکردن لەم خولەدا، پێشوازییەکی بەرچاو لە لایەن خوێندکارانەوە هەبووە؛ بە جۆرێک 300 خوێندکاری زانکۆی کوردستان ناویان تۆمار کردووە، بەڵام دوای فلتەرکردن، تەنیا 125 خوێندکار وەردەگیرێن. رێسا تەڵعەت، خوێندکاری بەشی سۆفتوێر لە زانکۆی کوردستان، یەکێکە لەوانەی ناوی خۆی تۆمار کردووە و بە رووداوی گوت: "کە بیستم کۆرسێکی وا هەیە، ناوم بۆ گرافیک دیزاین نووسیوە و هیوادارم وەربگیرێم، چونکە ئەم جۆرە راهێنانانە بۆ داهاتووی ئێمە زۆر گرنگن." هەوڵێک بۆ ئاکادێمییکردنی راهێنانی پیشەیی ئەم پڕۆژەیە بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنە حکومی و ئەکادیمییەکان بەڕێوەدەچێت. زانا ئیبراهیم، سەرۆکی زانکۆی کوردستان هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد کە راهێنەرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وانەکان دەڵێنەوە تاوەکو خوێندکاران بە باشترین شێوە پەرە بە تواناکانیان بدەن. لەلایەکی دیکەوە، زەکیە ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دەستخۆشی لەم هەنگاوە کرد و گوتی: "بە ئەکادیمییکردنی راهێنانی پیشەیی هەنگاوێکی زۆر گرنگە. دەستخۆشی لە دەزگای روانگە و زانکۆ دەکەین کە ئەم دەرفەتەیان بۆ 300 قوتابی رەخساندووە و هیوادارم لە زانکۆکانی دیکەش جێبەجێ بکرێت." بڕیارە ئەم پڕۆگرامە راهێنانە بۆ ماوەی 45 رۆژ بەردەوام بێت. دوای زانکۆی کوردستان، دەزگای روانگە پلانی هەیە ئەم پڕۆگرامە بۆ زانکۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بگوازێتەوە تاوەکو زۆرترین خوێندکار سوودمەند بن.
کوردستان12-07-2026بازاڕی بەنزینی 'تێکەڵە' لە هەولێر گەرمە؛ پاڵاوگەکان بە پاشماوەی نەوتی رەش بەنزینەکە دروست دەکەن