رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری لوڕستان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر شاری ویسیان لە پارێزگاکە، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنکەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تەممووزی 2026، سەعید پوور عەلی، جێگری پارێزگاری لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە لایەن ئەمریکاوە دوو جار بە فرۆکە هێرش کرایە سەر شاری ویسیان."
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکە، سەعید پوور عەلی گوتی، "هێرشەکە هیچ زیانی گیانی نەبووە و ئێستا دۆخەکە ئارامە."
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، بۆ جاری سێیەم لەم مانگەدا ئەمریکا هێرشی کردەوە سەر ئێران، بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمیی سێنتکۆم کە رۆژی 12ی تەممووز بڵاوکراوەتەوە، هێرشەکان لە وەڵامی بە ئامانجگرتنی کەشتییەکی بازرگانیی دیکە بووە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە تەنگەی هورمز.
فەرماندەییەکە دەڵێت، "هێزەکانی ئەمریکا بە مووشەکی زیرەک و لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەشتییە جەنگییەکانەوە، نزیکەی 140 ئامانجی سەربازیی ئێرانیان پێکا."
سێنتکۆم لیستی ئەو شوێنانەی بڵاوکردووەتەوە کە لەم هێرشەدا "خاپوور" کراون، لەوانە، پێگەکانی مووشەک و درۆن، توانا دەریاییەکانی ئێران، کۆگاکانی تەقەمەنی و چەک، تۆڕەکانی پەیوەندی و بنکەکانی چاودێریی کەناراوەکان.
سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێران رایانگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکادا بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە قەتەر، بەحرێن، کوێت و ئوردن، ئیماراتیش رایگەیاند بەرپەرچی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانیان داوەتەوە.




