بڕیارە ئەمشەو یەکشەممە، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆببێتەوە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێ بۆ واشنتن. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "نێچیرڤان بارزانیش، وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوشانی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق، بە فەرمی لەلایەن هاوپەیمانییەکەوە بانگهێشتکراوە." ئەمڕۆ یەکشەممە، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئیئتیلافی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەڕێوەدەچێت، بە بانگهێشتی فەرمی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوکەدا دەکات. هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، هاوپەیمانییەکی سیاسیی سەرەکییە لە عێراق کە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانى نوێنەرى پێکهاتەکانى شیعە، سوننە، کورد، کریستیان و تورکمان تێیدا بەشدارن، ئەم هاوپەیمانییە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 بۆ پێکهێنانی کابینەی پێشووى حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی دامەزراوە و پرسە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکان لەسەر ئاستى عێراق تاوتوێ دەکات بۆ ئەوەى بڕیاریان لەبارەوە بدرێت. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی: "چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق (سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکوەزیران) بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن، هاوکات زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی کورد، شیعە و سوننەش بەشدارن." بڕیارە ئەم هەفتەیە، شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی بگاتە واشنتن و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە. دڵشاد شەهاب گوتی: "تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە سەردانەکەی زەیدی دەبێت و باسی ئەوە دەکەن کە چی لەگەڵ خۆی دەبا بۆ ئەمریکا. کۆمەڵێک پرسی هاوبەش هەن بەتایبەتی لەم بارودۆخە نوێیەی ناوچەکەدا، بابەتی ئەمنی، سیاسی و ئابووری باس دەکرێن." نێچیرڤان بارزانی، وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوشانی سەرۆکایەتییەکانی عێراق بۆ کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بانگهێشتکراوە. دڵشاد شەهاب دەڵێ: "ئەمە هەنگاوێکی دروستە بۆ مامەڵەیەکی هاوسەنگ لەنێوان دەسەڵاتەکانی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دا، ئەمە پیادەکرنێکی دروستی مامەڵەی فیدراڵییانەیە، چونکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا، رێکخەری دەسەڵاتەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانە." "ئەم ئامادەییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جیا لە حیزبە سیاسییەکان، پتەوکردنی پێگەی هەرێمی کوردستانە لە رووی دەستوورییەوە لە دانانی بەرنامەیەکی کارا بۆ بەڕێوەبردنی وڵات." گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پرسی مووچە لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا بۆ بەغدا گوتی: "بێگومان جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو رابردوو، لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆدا چ کۆبوونەوەی فەرمی و یان دیدارەکانی دیکەی، هەوڵی جیدیی خۆی دەخاتە گەڕ، هەمیشە ماف و شایستەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەرنامەیەکی جێگیری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لە هەموو دیدارەکاندا."
کوردستان12-07-2026بازاڕی بەنزینی 'تێکەڵە' لە هەولێر گەرمە؛ پاڵاوگەکان بە پاشماوەی نەوتی رەش بەنزینەکە دروست دەکەن