رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک راگەیاند، منداڵێکی (کچ) تەمەن سێ ساڵان دوای ئەوەی لەلایەن دوو منداڵەوە دەبرێتە شوێنێکی چۆڵ، فڕێدەدرێتە ناو حەوزێکی ئاو و دەخنکێت. باسی لەوەش کرد: "تۆمەتبارەکان دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکەدا ناوە." پارێزەرێکیش دەڵێت: "سزا ئەو دوو منداڵە ناگرێتەوە."
رۆژی یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، عامر نووری شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی 08-07-2026، رووداوێک لە گەڕەکی حوزەیرانی شاری کەرکووک روویدا. دوو منداڵی کوڕ کە تەمەنیان تەنیا 10 ساڵە، کچێکی تەمەن سێ ساڵانیان بردووەتە شوێنێکی چۆڵ بۆ ئەوەی دەستدرێژیی بکەنە سەری."
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی: "تۆمەتبارەکان دوای ئەوەی کچەکەیان بردووەتە شوێنە چۆڵەکە، دەستدرێژییان نەکردووەتە سەری، بەڵام دواتر پاڵیان بە کچەکەوە ناوە و خستوویانەتە ناو حەوزێکەوە و دەخنکێت."
لەبارەی رێکارە یاساییەکان، عامر نووری شوانی دەڵێت: "هەردوو منداڵەکە کە بە رەچەڵەک عەرەبن و دانیشتووی هەمان گەڕەکی قوربانییەکەن، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراون. ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە."
لەبارەی رێکارە یاساییەکانی پەیوەست بە رووداوەکە، برزۆ سەعید، پارێزەری راوێژکار لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "ئەو دوو منداڵەی لە کەرکووک دەستگیرکراون، بەهۆی تەمەنیانەوە سزا نایانگرێتەوە."
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بە یاسایەک کرد کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرکارە و گوتی: "بەپێی یاسای نەوجەوانانی عێراقی ژمارە 76ـی ساڵی 1983، هەر کەسێک تەمەنی کەمتر بێت لە 11 ساڵ، هیچ بەرپرسیارێتییەکی سزادانی ناکەوێتە سەر و یاسا نایگرێتەوە. ئەگەر تەمەنیان 11 یان 12 ساڵ بووایە، ئەوکات حوکم دەدران، بەڵام لەم تەمەنەی ئێستایاندا کارەکەیان بە تاوان دانانرێت و سزا نادرێن."
برزۆ سەعید دەڵێت: "تەنیا رێکاری پاراستن و پەروەردە لە رێگەی خێزانەکانیانەوە دەگیرێتەبەر. لە بەرامبەردا، خێزانی قوربانییەکە تەنیا دەتوانن داوای قەرەبوو (پێبژاردن) بکەن لە بەرامبەر ئەو زیانەی پێیان گەیشتووە."




