رووداو دیجیتاڵ
تەرمی ئەو شوانەی دوێنێ لە سنووری قەزای سیدەکان وەرگیرایەوە کە "لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کوژرابوو". سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، سوپای پاسداران دەستی بەسەر 800 سەر مەڕی ئەو شوانەدا گرتووە و هەوڵدەدەن وەریانبگرنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو شوانەی کە لە سنووری قەزای سیدەکان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کوژرا، ئەمڕۆ توانیمان بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆنسوڵخانەی ئێران، تەرمەکەی وەربگرینەوە و رێکارەکان تەواو بکرێن."
لەبارەی چارەنووسی مەڕوماڵاتی ئەو شوانە، هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی: "زیاتر لە 800 سەر ئاژەڵ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیراوە. ئێستا هەوڵەکانمان بۆ ئەوەن کە ئەوانیش بگەڕێنینەوە، بەڵام لایەنی ئێرانی دەڵێن ئەو ئاژەڵانە بە قاچاخ هاتوونەتە سنووری ئەوان، بۆیە دەستیان بەسەردا گرتووە؛ هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن تاوەکو بتوانین مەڕوماڵاتەکە بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێنینەوە."
دوێنێ شەممە، شوانێکی سنووری قەزای سیدەکان لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکەیدا لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. ئەو گەنجە ناوی (رێباز سلێمان هەرکی)ـیە و دانیشتووی سنوورەکە بووە.
رووداوەکە چۆن بوو؟
مەڕوماڵاتی رێباز سلێمان چووبوونە نێو سنووری ئێران؛ تاوەکو بێ ئەوەی بچێتە سنووری ئەوان مەڕوماڵاتەکە بهێنێتەوە، تەقەی کردووە. بۆ ئەوەی مەڕوماڵاتەکەی بگەڕێتەوە، بەڵام سوپای پاسداران تەقەیان لێکردووە و گیانی لەدەستداوە.




