رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتا مۆڵەتی پڕۆژەی (هەژماری من)، لە شاری سلێمانی قەرەباڵخییەکی زۆر لە بەردەم ئەو بانکەکانە دروست بووە کە کارتی پڕۆژەکە دابەش دەکەن. بەشێک لەو مووچەخۆرانەی پێشتر دژی پڕۆژەکە بوون، ئێستا لە ترسی راگرتنی مووچەکانیان، لە گەرمای مانگی تەممووزدا نۆرەیان بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان گرتووە.
لە بەردەم بانکی کوردسات لە سلێمانی، دەیان مووچەخۆر لە دامودەزگا جیاوازەکانی حکومەت ریزیان بەستووە. نەسرین عەبدوڵڵا، یەکێکە لەو خانەنشینانەی بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکەی هاتووە و بە رووداوی گوت: "چووینە ژوورەوە، هەموو شتێک ئامادەبوو، یەکسەر وێنەیان گرتین و کارتەکەم وەرگرتەوە."
هاوکات بەشێک لە هاووڵاتییان گلەیی لە کەمیی بنکەکانی دابەشکردنی کارتەکان دەکەن. دڵشاد عومەر، خانەنشینێکی دیکەیە و دەڵێت: "تەنیا دوو بانک کارتەکان دابەش دەکەن، لەکاتێکدا دەبوو ژمارەی بانکەکان زیاتر بێت بۆ ئەوەی ئەو قەرەباڵخییە دروست نەبێت."
پێشتر بەشێک لە مووچەخۆرانی سنوورەکە بە پاساوی "تەوتین" ئامادە نەبوون فۆرمی "هەژماری من" پڕبکەنەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی گوشارەکانی حکومەت و نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی پڕۆژەکە، ناچاربوون سەردانی بانکەکان بکەن.
ئاوات کەریم، مامۆستایە و سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی بە رووداوی گوت: "بۆیە زووتر 'هەژماری من'ـمان نەکرد، چونکە دوای قسەی خەڵکی دیکە کەوتین، کەچی دواتر خۆیان پێش هەموومان فۆرمەکەیان پڕکردەوە."
بەپێی راگەیێندراوەکانی پڕۆژەی "هەژماری من"، 31ـی ئابی 2026، کۆتا مۆڵەتە بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بانکی و هەر مووچەخۆرێک تاوەکو ئەو کاتە نەبێتە خاوەنی هەژماری بانکی، ئەگەری راگرتنی مووچەکەی هەیە.
بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 96%ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوونەتە خاوەنی هەژماری بانکیی تایبەت بە خۆیان.


