رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای کرماشان 17 فرۆشیاری مادەی هۆشبەر دەستگیرکران. فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، دەست بەسەر 32 کیلۆگرام مادەی هۆشبەریشدا گیراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ی تەممووزی 2026 محەممەدڕەزا یاری، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکاندا، لە سنووری پارێزگاکە دەستیان بەسەر 32 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گرتووە.
فەرماندە پۆلیسی کرماشان گوتی: "هەر لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەست بەسەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلیشدا گیراون، بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بەکارهێنراون."
بەگوێرەی پۆلیسی کرماشان، جگە لە دەستگیرکردنی 17 فرۆشیاری مادە هۆشبەرەکان، کۆمەڵێک ئاڵوودەبووش لە سنووری پارێزگاکە کۆکراونەتەوە و گوێزراونەتەوە بۆ بنکەکانی شیاندنەوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرماشان هەروەها رایگەیاند، هاوکاری و هاوئاهەنگی لە نێوان دام و دەزگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگا لە ئاستێکی باش و گونجاودا نییە، هەروەها ناوەندەکانی وازهێنان لە مادە هۆشبەرەکان توانای لەخۆگرتنی ژمارەیەکی زۆری کەسانی ئاڵوودەبوویان نییە، بۆیە ئەگەر ئەو کەموکورتیانە چارەسەر بکرێن، پۆلیس لە توانایدایە، هەموو ئاڵوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر بکات.
بەگوێرەی راپۆرتەکانی پۆلیسی نەهیشتنی مادە هۆشبەرەکانی لوڕستان، ساڵانە لە سنووری پارێزگاکە دەست بەسەر زیاتر لە 15 تۆن مادەی هۆشبەردا دەگیرێت.



