رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشخانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی کێشەی کەمیی دەرمان بوونەتەوە و بەو هۆیەوە هاووڵاتییان ناچارن تەنانەت دەرمانە سەرەتاییەکانیش لە دەرمانخانە ئەهلییەکان بکڕن. بەرپرسانی تەندروستیش هۆکارەکەی بۆ نەناردنی بەشە دەرمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەگەڕێننەوە.
نزیکەی دوو مانگە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەشە دەرمانی پێویستی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا بەغدا پشکی دەرمانی هەرێمی کوردستانی لە 17%ـەوە بۆ 12% کەمکردووەتەوە، بەڵام ئێستا ئەو بڕە کەمکراوەش وەکو پێویست نانێرێت، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی 50% بۆ 60%ـی دەرمان لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا.
تەنیا برینپێچێکیان پێداوین
لە بەردەم نەخۆشخانە فریاکەوتنەکانی هەولێر، زۆربەی ئەو هاووڵاتییانەی نەخۆشیان هەیە، رەچەتەیەکیان بەدەستەوەیە و بەرەو دەرمانخانە ئەهلییەکان دەچن.
حەقی ئیسماعیل، کە هاوەڵی نەخۆشێکە، بە رووداوی راگەیاند: "ئەوە سێیەم جارە دەچمە دەرەوە بۆ کڕینی دەرمان. لە ناو نەخۆشخانە دەڵێن نییە و بڕۆ لە دەرەوە بهێنە، تاوەکو ئێستا بە 35 هەزار دینار دەرمانم کڕیووە."
هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی محەممەد ئەحمەد، بوتڵێک "پاراسیتۆڵ"ی بەدەستەوە بوو، گوتی: "ئەمەم لە دەرەوە کڕیووە، چونکە لە ناو نەخۆشخانە دەستنەدەکەوت." هەروەها سلێمان ئیسماعیل، هاوەڵی نەخۆشێکی دیکە دەڵێت: "هاتووین تەنیا حەبێک و برینپێچێکیان پێداوین، دەرمانەکانی دیکە هەمووی لە دەرەوە کڕدراون."
مەترسی لەسەر ژیانی برینداران هەیە
کەمیی دەرمان تەنیا دەرمانە سەرەتاییەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو دەرمانە فریاگوزارییەکانیش لە کۆگاکاندا کەمبوونەتەوە. نیاز محەممەد، دەرمانساز، ئاماژە بە مەترسییەکانی ئەم دۆخە دەکات و دەڵێت: "ئێستا ئەگەر کەسێک تووشی رووداوی هاتووچۆ و خوێنبەربوون بێت، دەرزیی خوێنڕاگرتنمان نییە لێی بدەین؛ بڕی دەرمان بە رێژەی 50% بۆ 60% کەمیکردووە."
هۆکارەکەی بەغدایە
بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن کێشەکە سیاسی و کارگێڕییە و پەیوەندی بە حکومەتی ناوەندییەوە هەیە. دکتۆر دڵۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت: "پشکی هەرێمی کوردستان لە 17% بوو، بەڵام بەغدا کەمیکرد بۆ 12%، ئەو بڕەشی کە بڕدراوەتەوە وەکو پێویست نانێردرێت. هەر ئەمەش وایکردووە کێشەی کورتهێنانمان لە دەرمان بۆ دروست بێت."
سەرەڕای ئەوەی ئەم بابەتە لە زۆربەی کۆبوونەوەکانی نێوان وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و عێراقدا باس کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لەو کورتهێنانە و رێگریکردن لە پەککەوتنی کەرتی تەندروستی، حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی 7 ملیار دیناری بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی تەرخان کردووە، بەڵام بەهۆی زۆریی پێداویستییەکان و نەناردنی پشکی بەغدا، هێشتا گرفتەکە لە نەخۆشخانەکاندا بەردەوامە.

