رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچە گەشتیارییەکانی قەزای باتیفا، زیاتر لە 70 شوانی سنووری پارێزگای دهۆک لە گەشتێکی بەکۆمەڵدا کۆبوونەوە. ئەو شوانانە کە خاوەنی نزیکەی 10هەزار سەر مەڕن، دەیانەوێت نەریتی شوانکارەیی بپارێزن و چالاکییەکەیان بکەنە فێستیڤاڵێکی ساڵانە.
لەناو سروشتی دڵگیری "گوڤکێ" و هاژەی خابوور لە قەزای باتیفا، دەنگی گۆپاڵ و باسی ژیانی شوانکارەیی کۆڕی دەیان شوانی سنوورەکەی گەرم کردبوو. ئەو شوانانەی زۆربەی کاتی ساڵ لە چیا و دەشتەکاندا خەریکی بەخێوکردنی ئاژەڵن، ئەمجارەیان بۆ حەسانەوە و گۆڕینەوەی ئەزموونەکانیان لە دەوری یەک کۆبوونەوە.
هەوار سەهیم، یەکێک لەو شوانانەی لە ناوچەی زێباریی سەر بە ناحیەی دینارتێ هاتبوو، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو کۆبوونەوەیە دەربڕی و گوتی: "وەکو گرووپێکی شوانان لێرە کۆبووینەتەوە، مێژوویەکی درێژە هەوڵ دەدەین ئەم یەکتربینینە رێکبخەین و دواجار توانیمان لێرە یەکدی ببینین."
لە ناو شوانەکاندا گەنجی زۆری تێدایە شێوازی کارکردنیان لەگەڵ سەردەم گونجاندووە. راکان کوردی، یەکێکی دیکە لە شوانەکان، ئاماژە بەوە دەکات شوانی پیشەیەکی پیرۆزە و دەڵێت: "ئێستا شوانەکانیش وەکو هەر گەنجێکی دیکە ئینتەرنێتیان هەیە و سۆشیاڵ میدیا بەکاردێنن، ئێمەش مافی خۆمانە گەشت بکەین و کاتی خۆش بەسەر ببەین."
بەشێک لەم شوانانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناسراون و هەواداری زۆریان هەیە. شوکری عەبدوڵڵا، شوانێکی چالاکی ناو سۆشیاڵمیدیایە، باس لەوە دەکات چۆن تەکنەلۆژیا و ژیانی کێوی ئاوێتە کردووە. ئەو دەڵێت: "هەندێک جار 10 رۆژ لەناو ئەشکەوتەکانی چیادا دەمێنمەوە، لەوێوە (لایڤ) لە سۆشیاڵ میدیا دەکەمەوە. بۆ ئەوەی مۆبایلەکەشم نەکوژێتەوە، سێ پاوەربانکم هەمیشە پێیە."
پلان هەیە بکرێتە فێستیڤاڵ
ئەم کۆبوونەوەیە کە لەلایەن "بیرهات گوڵڵی"یەوە رێکخرابوو، تەنیا بە مەبەستی گەشتکردن نەبووە، بەڵکو ئامانج لێی زیندووکردنەوەی کەلتووری گوندەوارە.
بیرهات گوڵڵی، رێکخەری چالاکییەکە بە رووداوی راگەیاند: "پلانمان هەیە ساڵی داهاتوو ئەم کۆبوونەوەیە بکەینە فێستیڤاڵێکی گەورە، تێیدا بێریڤان و خاوەن ئاژەڵەکان بەرهەمە شیرەمەنییەکان و کەلوپەلە کوردەوارییەکان نمایش بکەن."
وەکو هێمایەک بۆ وەفاداری و مانەوەی پیشەکەیان، شوانەکان گۆپاڵەکانیان لە شوێنی گەشتەکە داناوە. بیرهات گوڵڵی دەڵێت: "ئەم گۆپاڵانەمان لێرە وەکو هێمای وەفاداری داناوە، بۆ ئەوەی ساڵێکی دیکە بزانین کێمان لە ژیاندا دەمێنین و کێ دەگەڕێتەوە سەر گۆپاڵەکەی خۆی."
لەو کۆبوونەوەیەدا زیاتر لە 70 شوان بەشداربوون، مەرج بۆ بەشداریکردن ئەوە بووە هەر شوانێک کەمتر لە 100 سەر مەڕی نەبێت. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، کۆی مەڕ و ماڵاتی ئەو شوانانەی ئامادەیی گەشتەکە بوون، دەگاتە نزیکەی 10هەزار سەر مەڕ.


